ZNA-هەولێر نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا گۆڕانکاریی کەمی بەخۆیەوە بینی و لە نزیک کەمترین ئاستی خۆی لە ئەمساڵدا مامەڵەی پێوەکرا.
لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوو رۆژی رابردوو لە بەردەم کۆنگریسی ئەمریکا بووە هۆکاری دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
پاوڵ رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان ناچارن زیاتر لەو رێژەیەی کە پێشتر پێشبینیکراوە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکیش لە ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕی بەدواوە هات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1815 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا لە نزیکەی 1819 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکاشی بەرزکردەوە.
بەشێک لە ئابووریناسان پێشبینییان وایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناوەستێت تاوەکو ئەو کاتەی ئابووریی وڵاتەکە نەخاتە نێو قۆناخی سستبوونەوە.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |