English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت
2023-03-09 [04:47 AM]


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایگەیاند حكوومەت بەردەوامە لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كار بەڕێوەبردن، وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیەش لەلایەن دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە كاریگەری زۆر باشی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئاداری 2023، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەر و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیی كارەكانی سیستەمی ئایزۆ لە وەزارەت و كۆمپانیای ڕاسپێردراوی تایبەت بە كارەكانی بڕوانامەی ئایزۆ، وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاند.

ساسان عەنی، لە سەرەتای قسەكانیدا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی: دوای ئەوەی لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانی جەنابیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت، ئێمە لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوەبچن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لیژنەیەك لە فەرمانبەر و ئەندازیارانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی پرۆسەی وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆیان كرد، ئەویش بە ڕاهێنانی بەردەوامی فەرمانگەكان و فەرمانبەران لەسەر ئەو پرۆسەیە، دوای چاودێریكردنی ناوخۆیی و دەرەكی لەلایەن كۆمپانیای ڕاسپێدراو بەو كارە، خۆشبەختانە بە سەركەوتوویی ئەو پرۆسەكە تەواو كرا و بڕوانامەكە بۆ دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەرگیرا.

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ستافی وەزارەت كرد كە توانیویانە بە باشی كار بۆ وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە بكەن و لەمبارەیەوە گوتی: زۆر سوپاس بۆ جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە بەشداربوون لە پرۆسەی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئەو پرۆسەی ئێستا كە وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆیە، ئەوەش لە ئەنجامی كارێكی باشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە كە  كاری لەسەر كردووە كە لە ئاستی چاكسازیدا بەشێكە لە كارنامەی حكوومەت و پەیوەستە بە چارەسەركردنی پرسی ڕۆتین. عەبدولحەكیم خەسرۆ، گوتیشی: ئەم پرۆسەیە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت، ئەمەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ستافی وەزارەت كردوویانە، بەشێكە لەو پرۆسەیە و دەبێتە دەرئەنجامێكی باش بۆ ئەوەی ئێمە هەموو خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت بە ئاستێكی باش بەڕێوە ببەین.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: جێگەی خۆیەتی جارێكی دیكە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كار بەڕێوەبردن بەردەوامە و وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیەش لەلایەن دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لەمەودا كاریگەریی زۆر باش و ئەرێنی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و شەفافیەت دەبێت. گوتیشی لە ماوەیەكی داهاتوودا ئەو پرۆسەیە لە سەرجەم فەرمانگەكانی تری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەپێناو باشتركردن و پتەوكردن و ئاسانكردنی ڕێكارە كارگێرییەكان دەستپێدەكەین كە لەمەودوا ڕەنگدانەوەی زیاتری لەسەر كارەكان دەبێت.

پاشان لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بڕوانامە بەسەر لیژنەی سەرپەرشتیی كارەكانی سیستەمی ئایزۆ دابەش كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوای لە لیژنەكە كرد لەمەودوا پێویستە بە باشی كار بەو سیستەمە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و شەفافیەت و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكاندا بكەن.





ئەم هەواڵە 187جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad