ZNA - ههولێر
دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە درا کە لەلایەن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی کۆمارییەکان، مات گەییتز پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرا و داوا لە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دەکات سەربازانی ئەمریکا لە سووریا بکێشێتەوە.
پڕۆژە یاساکە ١٠٣ دەنگی "بەڵێ"ی بە دەست هێنا و بە ٣٢١ دەنگی "نەخێر" رەت کرایەوە.
٥٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموکراتەکان و ٤٧ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆمارییەکان بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا.
مات گەییتز بە ئاماژەدان بەوەی کە لای ئەمریکییەکان بووەتە پرسیار کە چۆن چۆنی سووریا بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی هێزە گەورەکان و دۆخی سووریا چەند ئاڵۆز بووە.
ناوبراو بیری خستووەتەوە کە رژێمی ئەسەد چۆن چۆنی گەلی سووریای بە ئامانج گرتووە و وڵاتانی کەنداویش پشتیوانییان لە ئۆپۆزسیۆن کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە پشتیوانی لە رژێمی سووریا بکات، بەڵکو حزبوڵڵایشی هێناوەتە ناو گۆڕەپانەکە و سووریای داگیر کردووە.
مات گەییتز سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بە هاتنی رووسیایش، رووسەکان هاتوونەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەمەیش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
-جەخت لەسەر "هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا لە ناتۆ" کراوەتەوە
گەییتز جەختی لەسەر هاوپەیمانێتی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لە ناتۆ کردەوە و گوتی: "سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی سووریا ئەو کوردانەی (مەبەستی لە چەکدارانی پەکەکە/یەپەگەیە) جەنگیان لە سووریا راگەیاند، پێکدادانەکانی نێوان ئەوان و تورکیای هاوپەیمانیش لە ناتۆ دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی کۆمارییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا لە ٢٠١٥ چووەتە ناو "ئاڵۆزییەکان"ی سووریا و بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە ئەمریکییەکان گیانیان لەدەستداوە و لەو میانەیەدا ملیارەها دۆلار خەرج کراوە، هەروەها سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە تورکیا لە سووریا بەرەنگاری داعش بووەتەوە.
مات گەییتز کە بەردەوام بوو لە خوێندنەوەی راپۆرتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیدی داعش هەڕەشە نییە بۆسەر ئەمریکا.
ئەرکی سوپای ئەمریکا ئەوە نییە بە باجی ئەمریکییەکان جەنگ لەسەر خاکی وڵاتانی بیانی هەڵبگیرسێنێت"
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر هەمان فراکسیۆن، مارجلی تێلۆر گرین کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە کرد ئاماژەی بەوە دا کە ئەرکی سوپای ئەمریکا ئەوە نییە بە باجی ئەمریکییەکان جەنگ لەسەر خاکی وڵاتانی بیانی هەڵبگیرسێنێت و گوتی: "پێویستە وەزارەتی بەرگریی بەرەنگاری ئەو چەتە مەکسیکییانە ببێتەوە کە ماددەی هۆشبەر دەهێنن بۆ وڵاتەکەمان. لە ناوچەکانی هەڵبژاردن هیچ ئەمریکییەک نەیگوتووە با بەشداری لە جەنگی سووریادا بکەین. ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی وڵاتانی بیانی گیانیان لەدەستداوە".
AA
ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە |