وەزیری تەندروستی وردەكاریی پرۆژەیاسای بیمەی تەندروستی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: بەهۆی یاساكە خەرجی لەسەر هاووڵاتییان كەم دەبێتەوە و كاتێك هاووڵاتییەك نەخۆش دەبێت، پێویست ناكات خەرجییەكی زۆر بكات، هەروەها كەمدەرامەتان و كرێكاران و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و كۆمەڵێك چین و توێژ و فەرمانبەران، خاوەنی بیمە و دڵنیایی تەندروستی دەبن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "چەند پڕۆژەیەكی بواری تەندروستیمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیان و پەرلەمان كردووە كە بریتین لە دوو پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی كوردستان، کە دوای پەسەندكردنیان، دەرچوون و یەكێكیان بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانە، دووەمیشیان مافی نەخۆش و پەیڕەوی مافی نەخۆش دانراوە، بەڵام ئێستا پرۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی وەكوو پرۆژەیاسایەكی نوێ و پرۆژەیاسای مافی پزیشكان و پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی پزیشكی و چەند پرۆژەیاسایەكی دیكە.''
ئەو باسی لە لە ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەكی گرنگ كرد و گوتی: "چەند چاكسازییەكی دیكە هەیە و كاری لەسەر دەكەین ئەوانەی زۆر گرنگن یەكێكیان ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بیمەی تەندروستییە و ئامادەیە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەین كە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژییە.''