English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار
2023-03-11 [03:57 AM]

ZNA-هەولێر


ئەمڕۆ (53)ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی (11ـی ئاداری 1970) تێدەپەڕێ، ئەو ڕێککەوتننامەیە لەنێوان سەرکردایەتی سیاسی شۆڕش بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) و حکوومەتی ئەوسای عیراق مۆرکرا، ئامانج لەو ڕێککەوتننامەیە بەدەستهاتنی چەند دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان بە گشتی.

ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان چەندین ڕەهەندی گرنگی بەخۆوە گرت لەوانە سیاسی و نەتەوەیی و یاسایی، جگە لەوەی بە شێوەیەکی فەرمی حکوومەتی عێراق دانی نا بە مافەڕەواکانی گەلەکەمان.

تایبەتمەندی ئەو دەستکەوتە مەزنە لەوەدابوو بووژانەوە و گەشە و ڕابوونێکی سەرتاسەری ئەو شار و شارۆچکە و ناوچانەی تایبەت بوون بەو ڕێککەوتننامەیەی گرتەوە، بەمەش جەماوەری گەلەکەمان و کوردستانیان توانیان مافی ڕەوای خۆیان پیادە بکەن و بە کردەنی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و بونیاتنانەوەی وڵاتەکە بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان.

ڕۆڵ و پلان و حیکمەتی (بارزانی نەمر) لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی(11ـی ئادار)ئەو ئاواتەی هێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ ئاوەڵاکردنی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و هەنگاونان بۆ ملکەچپێکردنی حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە.

لەو بەند و خاڵە گرنگانەی لەو ڕێککەوتننامەیە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی، ئاماژەی پێدرا بریتی بوون لە: گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکدێت، کە نەتەوەی کورد و نەتەوی عەرەبن، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی بە زمانێکی فەرمی دادەنرێ، هاووڵاتی کورد لە فەرمانە گشتییەکاندا بەتایبەتی پلە و پۆستە هەستیار و گرنگەکان ڕۆڵ و مافی دەبێ وەک وەزارەتەکان و سوپا، برەودان بە کەرتی پەروەردە وفێرکردن و بواری کولتووری و ڕۆشنبیریی و میدیایی و پیشەیی، پەلەکردن لە جێبەجێکردنی یاسای (ئیسلاحی زراعی).

ڕێککەوتننامەی (11ـی ئادار) بۆیە وەک خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێ لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان، لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، جگە لەوەی دەرفەتێکی تر بوو بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و خەبات و تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، بۆیە ئەو ڕێککەوتننامەیە بە هەنگاوێکی بەسوود بۆ سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە ناسرا.

ڕێککەوتننامەی(11ـی ئادار) کە بەرهەم و دەرەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و خۆڕاگری و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پارتیمان بوو، ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ، هەروەها لەو قۆناغەشدا بناغەیەکی ڕاست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، جگە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان و ئاوەدانی و بونیاتنانەوە.

ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی (بارزانی نەمر) و پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، بەڵام حکوومەتی عێراق نەیدەویست ڕێککەوتننامەکە بە ئەنجام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە هەنگاوی یەکلایەنانە دژ بەو ڕێککەوتننامەیە و سستی نواندن لە جێبەجێکردنی وەک نکوڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردیبوونی شاری کەرکووک و ئەنجامنەدانی سەرژمێریی دانیشتووان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، هەروەها گۆڕینی دیموگرافی خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی دابڕینیان لە خاکی کوردستان، بۆیە ساڵی(1974)سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری خۆیدا و شەڕ هەڵگیرسایەوە.

هیوادارین ئەو بۆنە گرنگ و مێژووییە ببێتە هەوێنی  هەماهەنگی و  هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانمان و دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە ڕەواکانمان بەپێی یاسا و دەستوور.

بیرەوەری ڕێککەوتننامەی (11ی ئادار) هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژژمێری ئازادکردنی شاری هەولێر لە(11ـی ئاداری 1991) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم  لە ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی شاری دێرین و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین هەمیشە ئاسوودە و ئارام و لە پێشکەوتندا بن.

لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی(11ی ئادار)پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان  دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان..

سڵاو لە بیرەوەری (53) ساڵەی ڕێککەوتننامەی (11ـی ئاداری 1970)

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..

هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..





ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad