هەولێر - ZNA
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، تائێستا 100 کەس بە تۆمەتی ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکانی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە راگەیێنراوێکدا کە رۆژی 11-03-2023 بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: هەندێ لەوانەی دەستگیر کراون، بۆ داخستنی پۆلی خوێندن بۆنی ناخۆشییان بە قوتابخانەدا بڵاوکردووەتەوە"، بەڵام هەندێکیان "دژبەر بوون و بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی منداڵان و خراپکردنی کۆماری ئیسلامی" ئەو کارەیان کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران هەندێ لەوانەی بە "تاوانبار" لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە: "رەنگە پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێراندا هەبێت".
ژەهراویبوونی قوتابییان، بە تایبەت قوتابییانی کچ لە ئێران، 3 مانگ لەمەوبەرەوە دەستیپێکرد و هەفتەی رابردوو گەیشتە لووتکە و زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
کاتێک هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژەهراویبوونی قوتابییەکان دەستیپێکرد کە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، رۆژی 06-03-2023 وەک تاوانێکی گەورە لە قەڵەمیدا و داوای کرد ئەنجامدەرانی بە تووندی سزا بدرێن.
ئەم هەواڵە 124جار خوێندراوەتەوە |