هەولێر - ZNA راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگە و کەشوهەوا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە شەش ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا تەرخان بکات.
عەلی لامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگە و کەشوهەوا بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، کۆنفرانسی کەشووهەوای عێراق دەبێتە خاڵی دەستپیک بۆجێبەجێکردنی پاکێجێک لە پرۆژەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیەکەمجار لەمێژووی بودجەی عێراقدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕگەیەکی بۆ ژینگەو کەشوهەوا لە بودجەی ساڵی 2023 دا تەرخانکردووە.
لامی باسی لەوەشکرد، سیاسەتی وڵاتانی سەر رووبارەکان ئاستی راستەقینە و پێویستی عێراقی بۆ ئاو لە بەرچاو نەگرتووە، بۆیە کاریگەریی گؤڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەعێراق بۆ دووهێندە بەرزبووەتەوە.
دەشڵێت، لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی پەیوەست بەم بابەتە نەکرابوو تاوەکو ئەو وڵاتانە پابەند بکات بە گرتنەبەری سیاسەتێکی ئاوی دروست لەگەڵ عێراقدا و پەیڕەوی لێبکەن.
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |