English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
جوتیار عادل: بەمنزیکانە بەغدا 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
2023-03-12 [01:48 AM]

ZNA-هەولێر


 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بابه‌تی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و بەمنزیكانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت.

لە درێژەى گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ى ئادارى 2023، شاندێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. گوتەبێژى حکومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت "پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی و کۆمەڵێک کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات".

د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیارى و گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەى فەرمیی حکومەتی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی، سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکە لە وەزیرى داد و سەرۆکی فەرمانگەى هەماهەنگی و بەدواداچوون و ستافی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێکدێن. رۆژى دووشەممە 13ى ئادارى 2023، دەست بە کۆبوونەوەکان لەسەر رەشنووسی یاساى نەوت و گاز دەکەن کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت".

گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئەم پڕۆژەیاسایە کۆمەڵێک گرفتی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەو بواری وزەدا چارەسەر دەکات. بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستان وەکوو هاوبەشێکی راستەقینە لە دروستکردنی ئەو بڕیارانەى پەیوەستە بە پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بەشێوەیەکی کارا بەشدار بێت، هەروەها بۆ ڕێکخستنەوەى ئەو کەرتە چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوو لا گرنگی هەیە. بێگومان لە کۆتاییدا دەبێت ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەى ڕێککەوتنی هەردوو لا بێت و لە قازانجی هەردوو لادا بێت. ئەوە نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەستکەوتێکی گرنگە".

لەبارەى رێوشوێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە، د.جوتیار عادل گوتیشی: "رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ هەردوو لا پێکەوە ره‌شنووسه‌كه‌ بنووسن، تا راده‌یه‌ك له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ گشتییه‌كان رێككه‌وتن كراوه‌، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان زۆرن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن. ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌نجامی هه‌بێت؛ ئومێده‌وارین بڕوابوون به‌ هاوبەشی و پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستوور و ئه‌و رێككه‌وتنەی له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی محە‌ممه‌د شیاع سوودانی هه‌یه‌، لەو پڕۆژەیاسایەدا رەنگ بداتەوە".

لەبارەى پڕۆژە یاسای بودجەى حکومەتی فیدراڵی د.جوتیار عادل دەڵێت: "پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ دوای گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، ئه‌وه‌ی كه‌ پێویست بوو، وەکوو شایستە و مافی هه‌رێمی كوردستان‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌؛ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش کۆمەڵێک كێشه‌ له‌نێوان هه‌ردوو لادا چاره‌سه‌ر ده‌كات؛ حكومه‌تی فیدراڵی ماوه‌یه‌ک‌‌ بودجه‌ی نه‌بووه،‌ ئه‌وه‌ش کاریگەری له‌سه‌ر ئاستی په‌یو‌ە‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هەیە كه‌ پێویسته‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان پشت بە سەرژمێری ببەستێت. هه‌ندێك ئەنجام ده‌ستكه‌وتی باش بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو هه‌ژماركردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانیی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ە‌ی خه‌رجی سیادی و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە خه‌رجی حاكمه‌. بابه‌تی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و بەمنزیكانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت".





ئەم هەواڵە 292جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad