ZNA_ هەولێر
ئەمڕۆ ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا کرد کە پێکهاتبوون لە فیلیپ دولارب سکرتێری گشتی فیدڕاسیۆن، سیناتۆر لوی دوڤێرنۆ جەنگاوەری دێرین وپسپۆر لە رۆشنبیری پەیوەندییە باڵاکان، جەنەڕاڵ تینۆدۆر ئارفارا ئەفسەری باڵا وپسپۆر لەبوارەکانی ئاسایش.
لەدیدارێکدا کە عمید روکن محمد سعید بەڕێوبەری هەماهەنگی وپەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوون، دواین پێشهاتەکانی ڕەوشی سەربازی و سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە کولتووری و مێژوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا خرایە بەرباس، سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستە سەر رۆڵی گرنگی فەرەنسا لەدروستکردنی نەوای ئارام لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگرنگ و مێژووی وەسف کردو هیوای خواست وڵاتی فەرەنسا رۆڵی زیاتر لەهەرێمی کوردستان بگێرێت.
لەلای خۆیانەوە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە بەگرنگییەوە باسیان لەپەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا کردو خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بوون لەسەرجەم بوارەکاندا.
شایانی باسە ئەم شاندە لەرێگەی دەزگای سەنگەرو پێشمەرگە بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە، بریار وایە لەرۆژانی داهاتوو چەند دیدارو چاوپێکەوتن لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپڕسانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
ئەم هەواڵە 169جار خوێندراوەتەوە |