ههولێر - ZNA ئەمڕۆ سێشەممە، کۆریای باشوور رایگەیاند، كۆریای باکووری دوو مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای هەڵداوە، ئەمەش نزیکەی 48 کاتژمێر دوای هەڵدانی دوو مووشەکی دیکەی ژێردەریایی بووه.
سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور دوو مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای ئاراستەی دەریا کردووە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، ئەمەش دوایین تاقیکردنەوەی چەک بووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور رایگەیاندووه، ئەو دوو موشەکە له پارێزگای هوانگهای باشووری وڵاتەکەیەوە، نزیک کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاتهكهی هەڵدراون و مەودای نزیکەی 620 کیلۆمەتریان گرتووەتەوە.
هاوێشتنی ئهو مووشهكانهی کۆریای باکوور دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە کۆریای باکوور دوو مووشەکی کروزی ستراتیژی لە ژێردەریاوه هەڵداوە، هەروەها کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە مەشق و راهێنانەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن و وەڵامی "جەنگی راستەقینە" بداتەوە ئەگەر پێویستبوو.
رۆژی دووشەممە هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەستیان بە مانۆڕێکی هاوبەشی 11 رۆژە کردووه، کە ناوی "قەڵغانی ئازادی 23"ی لێنراوە.
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |