English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە یارمەتیدانی سووریا
2023-03-14 [07:37 AM]

ZNA-هەولێر


لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن جیهان شکستیهێنا لەوەی هاوکاریی مرۆیی پێشكێشی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە سووریا بکات و ئێستا سەروو 15 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی سەرەتاییە. 

لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سووریا رۆژی دووشەممە (13ـی ئاداری 2023) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند حکومەتی سووریا، پێکهاتە سڤیلەکانی دیکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیشی، نەیانتوانیوە هاوکاریی خێرا بگەیێننە باکووری رۆژئاوای سووریا. 

لیژنەکە دەشڵێت، ئەوان نەیانتوانیوە لێکەوتنەوەی قوربانییانی بوومەلەرزەکە رابگرن، یان وەکو خۆی دەڵێت "ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە رێگە بەردەستەکاندا بکەن، لەنێویدا گەیاندنی تیمەکانی رزگاکردن لە هەفتەی یەکەمی دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات". 

نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە حکومەتی سووریا دەگرێت و دەڵێت، "حکومەتی بەشار ئەسەد هەفتەیەکی ویست تاوەکو رەزامەندی لەسەر رێگەپێدانی گواستنەوەی هاوکاریی مرۆیی لەودیو سنوورەوە بدات". 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی شەش هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بووومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023ـوە گیانیان لەدەستداوە، کە بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر روویدا. 

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش مەزەندە دەکات، پێنج ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێویستییان بە هاوکاریی سەرەتایی و خۆراک هەیە. 

پاولۆ پینهێرۆ، سەرۆکی لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی سووریا دەڵێت، "سووریا بووەتە چەقی پشتگوێخستن" و، باس لەوە دەکات "چەند لایەنێک بە ئەنقەست ئاستەنگیان بۆ هاوکارییە مرۆییەکان دروستکردووە". 

پێنهێرۆ سەرکۆنەی "شکستی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە" کرد، کە "نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی خێرا هاوکاریی بگەیێننە سووریا". 

هاوکات، لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین راپۆرتی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە، راپۆرتەکە ئەو پێشێلکارییانە لەخۆدەگرێت کە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2022ـدا ئەنجامدراون. 

"90٪ـی خەڵکی سووریا لە هەژاریدا دەژین"

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "سەروو 13 ملیۆن کەس ئاوارە یان پەنابەر بوون، لەکاتێکدا 90٪ـی هەموو خەڵکی سڤیلی سووریا لە هەژاریدا دەژین و 15.3 ملیۆن کەسیش پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە بۆ ئەوەی بژین. ئەوەش زۆرترین ژمارەی خەڵکە کە پێویستییان بە هاوکاری بێت لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە".

لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات، "هێزەکانی حکومەت مووشەکبارانی کامپی ئاوارەکانیان کردووە و بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە ماڵی خەڵکی سڤیل وێران بووە". دەشڵێت، "دەکرێت ئەوانە بچنە خانەی تاوانی جەنگەوە". 

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، هێشتا 56 هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵانی ئەندامانی داعشن، لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا دەمێننەوە. ئەو مانەوەیەش بە "نایاسایی" ناودەبات. 





ئەم هەواڵە 124جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad