ZNA - ههولێر
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند، هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ ئەم چەند مانگەی حکوومەتەکەی سوودانی ئەرێنی بووە، بەڵام پێویستە کاری جیددی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی لە عێراق.
جێنین ھێنیس پلاسخارت بەشداری کرد لە حەوتەمین دیداری سلێمانی کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی دەستی پێ کرد.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە میانی بەشداریکردنیدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند ''هەمووان دەزانین لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی عێراقی رژانە سەر شەقامەکان و نیگەرانبوون لە دۆخی عێراق و داوایان دەکرد ئەوەی دەکرێت لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکاندا بێت ئەوەبوو خۆپیشاندانەکان بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لە دوای ئەوەش عێراق کەوتە دۆخێكی هەستیارەوە، بۆ ماوەی چەندین مانگ هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت شکستیان هێنا، دواتر حکوومەتێکی نوێ پێکهێنرا".
جێنین ھێنیس پلاسخارت باسی لەو راپۆرتە کرد کە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە لەسەر پرسی عێراق و گوتی: "من لە راپۆرتەکەمدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باسم لەوەکرد کە عێراق رووبەڕووی دۆخێكی قورس بووەتەوە، هاووڵاتییەکانی داوای ژیانێکی باشتر دەکەن، حکوومەتەکانی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، نەیانتوانیوە خزمەت بە کۆمەڵگەی عێراقی بکەن، بە دڵنیایییەوە عێراق لە توانایدا هەیە رووبەڕووی ئەو ئالنگارییەکان ببێتەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە دیپلۆماسییەت و بیرکردنەوەی ژیرانە هەیە".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت سەبارەت بە هەڵسەنگاندن بۆ حکوومەتەکەی سوودانی-یش گوتی: "هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ ئەم چەند مانگەی حکوومەتەکەی سوودانی ئەرێنی بووە، بەڵام پێویستە کاری جیددی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی لە عێراق و دواتر هەوڵبدرێت بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان".
ئەم هەواڵە 172جار خوێندراوەتەوە |