ZNA-هەولێر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نین و دەرفەت بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی ئادار/مارسی 2023)، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە قسەیکرد و رایگەیاند: "دەمەوێت بە روون و ئاشکەرا بە هەموو لایەک رابگەیەنم، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەی جارێکی دیکەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا نین و هەموو شتێک دەکەین لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژنەکرێتەوە و هەڵبژاردنەکان لەماوەی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "هیوادارین پێش کۆتاییهاتنی مانگی سێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات و حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیا لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە بگەنە رێککەوتن."
ئەم هەواڵە 205جار خوێندراوەتەوە |