ZNA_ هەولێر
ئەنجومەنی وەزیران؛ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا لە پێشینەی کارەکانمانە.
لەمیانی کۆبونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تیشکی خستە چەند پرسێکی تایبەت بە بودجەی عێراق و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا .
ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە |