ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر راپەڕینی رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت. لە ١٢ ئاداری ٢٠٠٤ ، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی تۆپی پێ لە قامیشلۆ، ئاڵۆزی لە نێوان جەماوەری دوو تیمەکان دروست بوو. پۆلیسی ئەسەد لە نێو یاریگاکە گولـلەیان لە جەماوەری کورد گرت و ژمارەیەک کورد شەهید و بریندار بوون. دوای ئەو رووداوە، لە سەرانسەری شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوا، کورد خۆپیشاندانیان دەرخست بەڵام چەکدارانی ئەسەد بە گوللە وەڵامی هاوڵاتییانیان دایەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ کەس شەهید بوون.
١٢ ئاداری ٢٠٠٤ لە بیرەوەری هەموو کوردێکی رۆژئاوای کوردستان ماوەتەوە و دەمێنێت، کاتێک کە بە هەزاران کورد رووبەڕووی رژێمێکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ بوونەوە.
لەسەر یارییەکی فوتبۆڵ، چەکدارانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بە خوێنێکی سارد دەیان گەنجی کوردیان کوشت. لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری فوتبۆڵ لە نێوان تیمی جیهادی قامیشلۆ و فەتوای دێرەزوور لە قامیشلۆ، جەماوەری تیمی فەتوا سووکایەتییان بە ئاڵا و کەسایەتییەکانی کوردستانی کرد و بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر جەماوەری تیمی جیهادی کورد. لە بری ئەوەی حکوومەتی سووریا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بارودۆخی ئاڵۆزتر کرد و بە فەرمانی پارێزگاری حەسەکەی ئەو کاتە، پۆلیسەکان گوللەیان لە جەماوەری کورد گرت و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی کورد شەهید و بریندار کران.
لەسەر ئەو ڕووداوە خەڵکی رۆژئاوا لە سەرانسەری ناوچە کوردییەکان خۆپیشاندانیان کرد. لە دێریکەوە تا عەفرین، کوردەکانی حەلەب و شام دژی زۆرداری رژێمی بەعس و پێشێلکارییەکانی راپەڕین. خەڵک بە دروشمی “بژی کوردستان” و “شەهید نامرن” چوونە خۆپیشاندان، بەڵام رژێمی سووریا بە گولـلە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە.
لە ڕێکارەکانی حکوومەتی سووریا لەو کاتەدا، هێزێکی گەورەی لە شارە کوردییەکان کۆکردەوە و قەدەغەی هاتوچۆی لە چەندین شار ڕاگەیاند و لە ژێر سایەی بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیدا، دەستی بە گرتنی هاوڵاتیانی کورد کرد.
لە ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار، زیاتر لە ٣٠ کوردی رۆژئاوای کوردستان شەهید بوون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەها زیاتر لە ٣ هەزار کەس گیران. هیچ لێکۆڵینەوەیەکیش سەبارەت بەو ڕووداوە نەکرا.

هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو