جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا هێز بۆ پاراستنی پێکهاتەکان ڕەوانەی سووریا ناکات، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بپارێزرێن، ئاماژەی بەوەش کرد، داگیرکردنی عێراق بووە هۆی لەناوبردنی کۆنترین کۆمەڵگەی مێژوویی مەسیحیەکان.
جەی دی ڤانس، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕاگەیاند، دەبێت ئیدارەی ئەمەریکا لەبیری بێت کە مامەڵە لەگەڵ کێ دەکات لە سووریا، هەروەها دەبێت پاراستنی ئەو پێکهاتە مێژووییانەی سووریا مسۆگەر بکات.
ڕوونیشی کردەوە “ئەوەی لەم دواییانەدا لە سووریا بەسەر پێکهاتەکاندا هاتووە، زۆر خراپە. ئێمەش هەوڵ دەدەین بزانین ئەوەی کە پێکهاتەکان لە سووریا تووشی بوون ڕووداوێکی سنووردار بووە یان کۆمەڵکوژیە.”
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: هێرشی ئێمە بۆ سەر عێراق، بووە هۆی لەناوچوونی یەکێک لە گەورەترین پێکهاتە مێژووییەکانی مەسیحی لە جیهاندا، نامانەوێت کۆمەڵگەیەکی دیکەی مەسیحی دووبارە لەناو ببرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد “لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان قسە دەکەین و کاری ڕانەگەیەندراو بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە سووریا دەکەین، وەکوو مەسیحییەکان و دروزەکان.”
جەی دی ڤانس ڕاشیگەیاندووە “واشنتن هێز نانێرێت بۆ سووریا، بەڵام زۆر شت هەیە کە دەتوانرێت لەڕووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان بکرێت.”
