ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر شەش پاسی گەورەدا گرتووە، کە مۆدێلەکانیان ڕێگە پێدراو نییە بۆ هاوردەکردن.
عەلا قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، “دەستبەسەرداگرتنی ئەو پاسانە بەهۆی وەرگرتنی ئەو زانیارییانە بووە کە دەستەکە پێی گەیشتووە، کە شەش پاسی جۆری ‘سێترا’ مامەڵەکانیان لە ناوەندی گومرگی ناوەڕاستی ئوم قەسر تەواو بووە و دەیهێننە ناو عێراق.”
قەیسی ئاماژەی بەوەش کرد، “دوای ئەوەی پشکنین و لێکۆڵینەوە کرا، دەرکەوتووە کە دەستکاری مۆدێلی ئەم پاسانە کراوە، بەو پێیەی لە خوار ئەو مۆدێلەوە بووە کە ڕێگەپێدراوە بۆ هاوردەکردن”، دەشڵێت، “ڕاپۆرتی دەستبەسەرداگرتنی فەرمی ئامادەکراوە و ئاراستەی بنکەی پۆلیس کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر.”