ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، مایک واڵتز ڕایگەیاند کە لە میانی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر حووسییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە حووسییەکان کوژراون.
مایک واڵتز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی “ABC News” ھەڵسەنگاندنی بۆ ھێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە حووسییەکان کراونەتە ئامانج و کوژراون، بێ ئەوەی ناویان بھێنھێت.
ھەروەھا ڕاشیکەیاندووە کە ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانیان بۆ سەر یەمەن بە بەراورد بەو ھێرشانەی کە لە خولی سەرۆکایەتی جۆ بایدن-دا ئەنجامدراون جیاوازن، چونکە لە ھێرشەکانی ئەم دواییە یەکەم سەرکردە حووسییەکان کراونەتە ئامانج و دووەم، لێپرسینەوەیە لە ئێران.
گوتیشی: “ئەوە ئێرانە کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی وڵاتان دەکاتە ئامانج، هەروەها یارمەتی حوسییەکان دەدات تا ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ناوچەكە بە ڕووی كەشتییە بازرگانییەكان، دابخەن”.
مایک واڵتز باسی لەوەش کرد ھەموو بژاردەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ خراوەنەتەڕوو، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ئێران بکرێت تا نەتوانێت ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
AA