بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ گوتی، سبەی بە بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرپرسانی باڵای ھەرێم و عێراق، جوانترین ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە.
د. مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەموو ئامادەکارییەکانی ئاھەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بەکۆتا ھاتوون، کە ئامادەکاریی زۆر باش کراوە و سبەی پێنجشەممە ھەموو خەڵکی ئاھەنگی نەورۆز لە ئاکرێ دەبینن، کە بەرنامەیەکی زۆر رێکوپێک دانراوە و میوانیش لەسەر ئاستی باڵا بەشدار دەبن و نوێنەری سەرجەم وڵاتان و باڵیۆزی وڵاتان بەشداری لە ئاهەنگەکەدا دەکەن، کە ئەوانەی بەشداری لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەکەن، لە ئاکرێ پێشوازییان لێ دەکرێت.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی گوتیشی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، پێشوازی لە میوانان دەکات و بەشداری لەو ئاھەنگەدا دەکات و وتارێکیش پێشکەش دەکات وەکو پارساڵیش بەشدار بوو و وتاری ھەبوو، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسان بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ دەکەن، کە نەورۆزێکی رێکوپێک و جیاواز دەبێت و جوانترین ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت.
بڵند ئیبراھیم