ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد. بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتوانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لەم گردبوونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی.

هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت. لێرەدا سوپاسی تاك تاكی ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشی كوردانە و بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهانیان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن.

مسعود بارزانی
23ی ئاداری 2025

هەواڵی پەیوەندیدار

حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هه‌شت سەنتەرەوە چارەسەری تووشبووانی ئۆتیزم دەکات

سەڵاح

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە فوئاد حوسێن دەکات

سەڵاح

یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار

سەڵاح