کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگدەرانی لە سەرانسەری عێراق تۆمار کردەوە، لەوانەش سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “مانگێک بۆ تۆماری تازەی بایۆمەتری لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دانراوە، پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ سلێمانی دەکرێتەوە”
گوتیشی: “175 بنکەی دەنگدان دەکرێنەوە و دەنگدەری تازە وەردەگیرێن، یان بنکەی هەڵبژاردنەکانیان لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە، یان دەنگدان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە دەگوازرێتەوە، جگە لە تۆماری تازە بۆ ئەو کەسانەی لەدایک بووی ساڵی 2007ن.”
سەبارەت بە گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەنگدەرانی پارێزگاکانی لە کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار گواستنەوەیان ناکرێت، چونکە ئەوانە کەوتوونەتە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوور، مەبەست لەم تۆمارە تازەیە ڕێکخستنەوەی لیستی نوێی دەنگدەرانی عێراقە بە سیستەمی بایۆمەتری و چارەسەرکردنی هەموو کەموکوڕییەکانی تێدا.
نەبەرد عومەر ڕوونیشی کردەوە، کە ئەو هاووڵاتییانەی پێشتر کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە، یان هەرکەسێک ناوی لە لیستی دەنگدەرانی گشتیدا بیگوازێتەوە بۆ لیستی دەنگدەرانی تایبەت، یان بەپێچەوانەوە، دەتوانرێت زیاد بکرێت. یان ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە ناوەکانیان لاببرێت. کە ئێستا دوو ملیۆن و 850 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان، بەپێی سیستمی بایۆمەتری ناویان لە لیستی دەنگدەراندا تۆمارە.