ئەمڕۆ دووشەممە، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لەبەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجە، پێشوازیکرد لە تیمێکی مامۆستا و نووسەر و توێژەرانی ژاپۆن و ئێران.
توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە ژاپۆن، یاسویوکی ماتسوناگا و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ژاپۆن و ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستیی لە بارەی مێژووی کورد و هەردوو تەریقەتی نەقشبەندی و قادری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئەو توێژەرە ژاپۆنیانە ئامانجیانە کتێبخانەیەکی کوردی لە ژاپۆن بکەنەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی پێویست لە بارەی کورد و کوردستان بۆ خوێنەر و توێژەرانی ژاپۆن دەستەبەر بکەن و پەرە بە پەیوەندی ڕۆشنبیری و کولتووری نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن بدەن.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کۆششی ئەو توێژەرانە، پشتیوانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەیان دەربڕی و بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری پێدان.
لە پەراوێزی دیدارەکەدا، شاندەکە سەردانی هەریەک لە خانەقا دێرینەکانی هەورامانیان لە تەوێڵە و بیارە کرد، کە بە درێژایی چەندین سەدەیە، ناوەندێکی زانستیی و عیرفانی ناوداری جیهانی ئیسلامین و سەرچاوەی پەخش و بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندین.