ئه‌مرۆ دووشه‌ممه ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، بە ئامادەبوونی فه‌رهه‌نگ غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، له دیوانی پارێزگا پێشوازی له هونه‌رمه‌ند ناوداری عێراقی بە رەچەڵەک کورد ئیلهام مه‌دفه‌عی كرد.
ناوبراو خۆشحاڵی خۆی به‌و پێشوازیه گه‌رمه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ربری و دووپاتیكرده‌وه، بەردەوام ئەوەی گوتووە کە لە بنەڕەتدا کورده و شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات، گوتیشی، باوکم دزەییە و دایکیشم شێروانییە.
پارێزگاری هه‌ولێر، هیوای ته‌ندورستی باشی بۆ هونەرمەند خواست و جه‌ختی كرده‌وه، كه‌وا ئیلهام مه‌دفه‌عی یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ستایلێكی تایبه‌تی بە خۆی هه‌یه و شه‌یدایانی گۆرانییه‌كانی یه‌كجار زۆرن و توانیویه‌تی به تێكه‌ڵكردنی ژه‌نینی گیتاری رۆژئاوایی و گۆرانی فۆلكلۆری عێراقی ناوبانگی جه‌ماوه‌ری په‌یدا بكات.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له بیرۆكه‌و پلانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ئیلهام مه‌دفه‌عی كرا، كه به نیازه له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رز لە ماوەی داهاتوو ئه‌نجامی بدات.