بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ئێران، بازاڕی دۆلاری تاران لە دوا مامەڵەکانی ساڵی نوێ “بە بەرزترین ئاستی مێژوویی، لە سەروو ١٠٠ هەزار تمەن” داخرا.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە نرخی جۆرە جیاوازەکانی دراو لە ئێران لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ ئادار “بە شێوەیەکی لەناکاو” بەرز بوویەو و هەر دۆلارێکی ئەمریکا بە بەرزبوونەوەی پێنج هەزار تمەن بەراورد بە کۆتا ڕۆژی ساڵی ١٤٠٣، لە “ئاستی سەد هەزار تمەن” تێپەڕی.
بەرزبوونەوەی نرخی جۆرە جیاوازەکانی دراو لە ئێران لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خاکەلێوە، بە پشتبەستن بە قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بە “نەکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا” کرد و گوتی “هیچ کەسێکی ژیر و هۆشمەند ناچێتە ناو گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە.”
عەباس عێراقچی جەختی کردبووەوە کە لە ئێستادا تاکتیک و ڕێگەی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە “گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ.”
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیعتماد، قسەکانی وەزیری دەرەوە سەبارەت بە “نەکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا” و هەواڵەکانی دیکەی سیاسی، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری زیاتر کردووە و پێشبینی دەکرێت ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە ڕۆژانی داهاتوو بەردەوام بێت.