بەشێوەیەكی گشتی بەردی زەرداو هیچ نیشانەیەك دروست ناكات تاوەكوو هەستی پێ بكەیت، دەكرێت بەردی زەرداوت هەبێت و پێی نەزانیت، نیشانەكان كاتێك ڕوودەدەن كە یەك یان چەند بەردێكی زەرداو گیر بخۆن و ڕێگری لە ڕۆیشتنی شلەی زەرداو لە تورەگەی زەرداو بۆ ڕیخۆڵە باریكەت بكەن یاخود تورەگەی زەرداوت تووشی هەوكردن ببێت بەهۆی دروستبوونی ئەم بەردانە.
هەندێك لە نیشانەكانی بەردی زەرداو لەوانەی بریتی بن لە:
1. ئازاری كتوپڕ لە بەشی سەرەوەی سك و تەشەنە كردنی بەرەو ژێر دەفەی شانی ڕاست لەنێوان دوو دەفەی شان و پشت، ئێشەكەی لە نیو كاتژمێر بۆ چەند كاتژمێر دەخایەنێت.
2. هێڵنجدان و ڕشانەوە.
3. تاو ئارەقكردنەوە.
4. كێشەكانی تری هەرسكردن، لەوانە كێشە لە هەرس نەكردنی خۆراك و دڵەكزێ و دروستبوونی غازات.
5. زەردبوونی ڕەنگی پێست و ڕووخسارو سپێنەی چاوەكان، ئەم نیشانەیە كاتێك ڕوودەدات كە بەردەكە دابەزێتە نێو بۆڕی تورەگەی زەرداو.
(د. عیماد سەدرەددین سدیق – پزیشكی نەشتەرگەری گشتی)