ئەمڕۆ چوارشەممە، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند، کۆمسیۆن دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لە زیاتر لە هەزار بنکەی دەنگدان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
غەلای لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “دوێنێ قۆناغی تۆمارکردنی دەنگدەران لە 1079 ناوەندی بنکەی دەنگدەران، لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق کرایەوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تۆماری دەنگدەرانی ورد و نوێ بەکاردەهێنن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژاردنە و قۆناغێکی چارەنووسسازە، بەو پێیەی دەنگدەرانی تۆمارنەکراو لەخۆدەگرێت بە مەبەستی تۆمارکردنی داتای بایۆمەترییەکانیان، هەروەها زیادکردن و گواستنەوەیان.
گوتیشی: کۆمیسیۆن لە ڕێگەی کارتی بەشەخۆراکییەوە داتای لەدایکبوونی تازە بۆ 10 ساڵی داهاتوو لە وەزارەتی بازرگانی وەرگرتووە، واتە ئەوانەی لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 لەدایک بوون.
ڕوونیشیکردەوە، سیستەمی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری بۆ ئەوانەی لەدایکبووی ساڵی 2007 کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر بووە، تەواو بووە.
ڕاشیگەیاند، ئەوانەی دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر.

هەواڵی داهاتوو