بۆ زاگرۆس به پلانێكی تۆكمه‌وه توانیمان سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تیی به‌عس چه‌ك بكه‌ین و خوێنیش نه‌ڕژێت
یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه نوێنه‌رایه‌تیی به‌ره‌ی كوردستانیشی ده‌كرد له پیره‌مه‌گروون، راستیی راپه‌ڕین له پیره‌مه‌گروون باس ده‌كات، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ”به لێزانی و پلانێكی تۆكمه‌وه توانیمان سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تیی به‌عس چه‌ك بكه‌ین و خوێنیش نه‌ڕژێت.“
فاتح شۆڕناخی، پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنه‌ری به‌ره‌ی كوردستانی له سنووری پیره‌مه‌گروون، چیرۆكی سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕین له شاره‌كه باس ده‌كات. شۆڕناخی، قاره‌مانیی هێزی پێشمه‌رگه، به‌تایبه‌ت رۆڵی پێشمه‌رگه و رێكخستنه‌كانی پارتی بۆ ئاژانسی زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه.
له‌باره‌ی سه‌ره‌تای راپه‌ڕین كه چۆن له شاردا ده‌ستیان پێ كرد، شۆرناخی بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی: “راپه‌ڕین گه‌وره‌ترین وەرچه‌رخانی مێژووی كورد بوو، پێش راپه‌ڕین كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌بوون زۆر هاوكارمان بوون له سه‌ركه‌وتنەكانی رێكخستنی پێشمه‌رگه و شۆڕش و راپەڕینیان كرد، ئه‌وانیش (ماڵی مام عوسمان سێکانیانی) كە كۆبوونه‌وه له ماڵی ئه‌واندا كرا و خاڵی مام عەبدوڵای سەرگەڵوویی بوو، هه‌روه‌ها (عەتا)ی کوڕی رۆڵێکی زۆر باشی دەبینی، تەکسییەکی هەبوو زۆر هاوکاریی دەکردین، بەشێکی کۆبوونەوەکانیشمان لە ماڵی (مینە دۆشکە) بوو، خوشکە (قومری) خێزانی شەهید عەلی مام عه‌بدوڵای سه‌رگه‌ڵووش ڕۆڵێکی زۆر جوانی پێشمەرگانەی دەبینی و لە زۆرینەی کۆبوونەوەکان ئاگادار بوو، دایکی ڕێکخستنەکان بوو لەناو شارۆچکەی پیرەمەگروون، هه‌روه‌ها کوڕێک هەبوو ناوی (تۆفیقە سوور قەرەوەیسی) بوو زۆر هاوکارمان بوو، لەگەڵ پیاوێکی دیكە بە ناوی (ڕەحمانە بچکۆل)، هەروەها (بەکر کریم کانی چناری) کەسێکی دڵسۆز بوو و هاوکارییەکی باشی دەکردین و سێ کەسی ئازا و چاونەترس بوون، هەروەها کاک (ڕەمەزان سەرمۆردی) لەگەڵمان بوو، ئەویش پیاوێکی جوامێر و ئازا بوو، وەک کوتەکی دەستی ڕێکخستنەکان بوو، هەروەها (شەهید عومەر خدر پۆڵقامیشی) پێش ڕاپەڕین پەیوەندیی بە منەوە کرد کە ئەو کات لای گوندی گولیجە و پیرەمەگروون بووین، پیاوێکی قارەمان و تێکۆشەر بوو. ئه‌مانه له سه‌ره‌تاكان، واته پێش راپه‌ڕین هاوكاریی گه‌ورەی شۆڕش بوون له پیره‌مه‌گروون.“
له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی راپه‌ڕینشه‌وه، فاتح شۆڕناخی ئه‌وه‌ی خسته روو: ”بەرپرسی میحوەری ئێمە کاک فازڵ رەوف بوو، پێش راپه‌ڕین به‌رنامه‌یه‌كمان دانا و له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وه توانیومان بچینه ماڵی كه‌سایه‌تییه‌كان و سه‌ردانی خزم و دۆسته‌كانمان بكه‌ین، زیاتر ئامانجمان ئه‌وه‌بوو شانه‌ی چه‌كداریی دروست بكه‌ین و بچنه پێشه‌وه، جیا له‌وه‌ش، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و شانه چه‌كدارانه‌ی له‌ناو رژێمدا بوون، له رێگای خزم و كه‌س و دۆسته‌وه دروست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی راپه‌ڕیندا سه‌لامه‌ت بین و خوێن نه‌ڕژێت، ئێمه وه‌ك رێكخستنه‌كانی هێڵی پیره‌مه‌گروون، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ست هێنا و و به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێنی كه‌س له ئۆردوگای پیرمه‌گروون بڕژێت توانیمان سه‌ر بكه‌وین، ئه‌و كاته‌ی ئێمه له ئۆردوگای پیرمه‌گروون دەستمان بەسەر دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی به‌عسدا گرت، براده‌رانی یه‌كێتی له چیای پیره‌مه‌گروون بوون، چه‌ند شه‌وێك پێش راپه‌ڕین هاتبوونه خواره‌وه بۆ شاری پیره‌مه‌گروون ته‌قه‌یان كرد له كوڕێك كه به‌زۆر كرابوو بە (جەیش شەعبی) كوڕی كابرایه‌كی خه‌ڵكی گوندی كۆكه بوو و ئه‌ویان كوشت، دوایی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌یان كوشت، نه‌یانتوانی بێنه ناوشاری پیره‌مه‌گروونه‌وه.“
راشی گه‌یاند: ”ئێمه به‌رده‌وام بووین له خه‌باتی خۆمان و به‌رنامه‌یه‌كمان دانا، به‌ته‌ما بووین له كاتی راپه‌ڕین هێرش بكه‌ینه سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی حزبی به‌عس، له‌دواییدا پلانمان گۆڕی، له‌جیاتی هێرشی فراوان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی به‌عس، پێمان باش بوو ئێمه بچینه ماڵه مسته‌شاره‌كان و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، تا ببنه پشتیوانی ئێمه، بۆ ئه‌وه‌ی راپه‌ڕین به باشترین شێوه سه‌ركه‌وتوو بێت، دواتر به‌رنامه‌یان دانا بۆ سه‌ردانی ماڵه مسته‌شاره‌كان، له‌وێ له‌گه‌ڵیان كۆ بووینەوە، ئێمه له چیای پیره‌مه‌گروون هاتینه خواره‌وه، مسته‌شاره‌كانیش له‌و كاته‌دا خه‌ریكی دابه‌شكردنی چه‌ك بوون به‌سه‌ر چه‌كداره‌كانیان، له‌وێ بەم شێوەیە بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌وره مسته‌شارێك كۆ بووینەوە كه سێ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه بووین له‌و سنووره، ئه‌وانیش فه‌رمانده عه‌لی مام عه‌بدوڵا (یه‌كه‌م سه‌ردانی ماڵی عومه‌ری حه‌مه‌عه‌لی چه‌رمه‌گا)ی كرد و فه‌رمانده‌ی دووه‌می پێشمه‌رگه شێخ عه‌زیزیی ره‌حمه‌تی بوو چووه ماڵی (ئه‌حمه‌د ئاغا) كه ئه‌ویش مسته‌شار بوو، منیش بۆ ماڵی (به‌ڕێز سمایل هه‌مزه ئاغا) كه ئه‌و كات مسته‌شار بوو، به‌ڵام پیاوێكی رۆشنبیر بوو و به‌هه‌موو توانایه‌كییه‌وه بووه پشتیوانی هێزەكەمان، ئێمە فه‌رمانی به‌ره‌ی كوردستان‌مان پێ بوو بۆ ئه‌و دانیشتنانه، به راشكاوانه پێمان گوتن كه ره‌نگه ئێوه له‌به‌ر ناچاری به‌دوای رژێمدا كه‌وتبن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ رۆژی هیمه‌ت و پیاوه‌تییه و رۆژی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م چه‌نده ساڵه خزمەتی رژێمی به‌عستان كردووه ئێستا ده‌رفەتتان بۆ هاتووه‌ته‌وه پێشه‌وه هاوكاری گه‌لی خۆتان و شۆڕشی خۆتان بن.“
فاتح شۆڕناخی ئه‌وه‌شی خسته روو: ”له‌گه‌ڵیان باسمان له‌وه كرد كه راپه‌ڕینمان به‌ده‌سته‌وه‌یه، كاك سمایل هه‌مزه ئاغا به منی گوت به‌قسه‌كانتدا دیاره كادیری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی، منیش پێیم گوت من ناڵێم كادیری چ حزبێكم، من پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیم، هاتوومه‌ته لات تۆش لایه‌نێك هه‌ڵبژێره له حزبه‌كانی كوردستان من ده‌تبه‌مه لای ئه‌و لایه‌نه و ده‌ڵێم ئه‌م پیاوه هه‌ڵوێستی ئاوا بووه، ئه‌ویش هه‌ڵوێستی خۆی دیاری كرد و منیش ئه‌و نامەیە‌ی ئاماده كرابوو بۆ راپه‌ڕین پیشانم دا، نامه‌كه‌ی ماچ كرد و خستییه سه‌ر سه‌ری و منیش پێم گوت ئه‌و دۆشكانه‌ی له‌سه‌ر قوللە‌كان داتان ناون بۆ رووبه‌ڕووبنه‌وه‌ی راپه‌ڕین، بڕۆن ئامادەیان بكەن ئه‌و دۆشكانه بخرێنه ده‌ست شۆڕش و ئه‌وانه بهێننه خواره‌وه و خه‌ڵكی خۆمان بخه‌نه سه‌ریان، كه چوار دۆشكه بوون، ئه‌گه‌ر ببنه ماڵی ئێمه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنین، بۆیه 20 كه‌سێكیان هێنا كه ئاماده كرابوون بۆ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی راپه‌ڕین، من قسه‌م له‌گه‌ڵیان كرد گوتم ئێوه له‌م رۆژه‌وه پێشمه‌رگه‌ن و له‌به‌رەی گه‌لدان و ئه‌و دۆشكانه ئێستا ئیتر له خزمه‌تی راپه‌ڕیندان.
ده‌شڵیت: “پلانێكی دیكه‌مان دانابوو به‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌رپرسانی به‌عس له رێگای له ئۆردوگای پیره‌مه‌گروون پلانێكه‌وه چه‌ك بكه‌ین، به‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌رپرسانی حزبی به‌عس و ره‌فیق حزبی و پله‌داره‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه بۆ ده‌رچوونیان بۆ چوونه‌وه ناو ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس بچنه ماڵی سمایل ئاغا هه‌مزه، پلانه‌كه ئاوابوو كه پێیان بگوترێت پێشمه‌رگه رێگای چه‌مچه‌ماڵی گرتووه، كه هاتنه ماڵی سمایل ئاغا هه‌موویان زیندانی بكرێن و به‌عس له‌و سنووره بێ سه‌ركرده بمێنێته‌وه، پلانه‌كه جێبه‌جێ كرا و به 3 بۆ 4 ئۆتۆمبێل 28 كه‌س لە به‌رپرسانی به‌عس كۆ كرانه‌وه، كه پله‌كانیان عه‌مید و عه‌قید و راید و ملازم بوو، هێنرانه ماڵی كاك سمایل، من به‌ناوی به‌ره‌ی كوردستانی به كوردی قسه‌م بۆ كردن و كاك سمایلیش بۆیان كردی به عه‌ره‌بی، پێم گوتن لێره خوێن نه‌ڕژاوه، بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌وه‌یه له هه‌ر شوێنێك راپه‌ڕین بوو و فیشه‌ك نه‌ته‌قی و خوێن له كه‌س نه‌هات، هه‌رچی به‌رپرسی به‌عسه گیانیان ده‌پارێزرێت، هه‌موویان ده‌ستیان كرده گریان، چونكه له‌و ماڵه زیندانی كرابوون، دواتر چووینه ناو باره‌گاكانیان، من یه‌كه‌م كەس بووم له سه‌ربانی دائیره‌ی ئه‌من له پیره‌مه‌گروون ته‌پڵی راپه‌ڕینم لێ دا، دواتر براده‌رانی یه‌كێتی (یه‌كێكیان بێستوون سابوراوەیی بوو، هاتنه ناو پیره‌مه‌گروون)، ئێمه رێكخستنه‌كانمان له‌ناو ئۆردوگای پیره‌مه‌گروون ده‌ستبه‌كار بوون و به‌م شێوه‌یه راپه‌ڕین لە پیره‌مه‌گروون ده‌ستی پێكرد.“
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه گوتیشی: “ئه‌مه 34 ساڵه راپەڕین كراوه، به‌داخه‌وه نه‌مان توانیوه ئه‌م راستییه به خه‌ڵك بڵێین، بۆیه هه‌ندێك براده‌ری دیكه له حزبی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ده‌یانه‌وێت ئه‌مه بكه‌نه ده‌سكه‌وتی خۆیان، ئه‌وه‌ی بۆم گێڕایه‌وه راستییه‌كه‌یه و هه‌مووی ئێمه كردوومانه.“
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یە ئه‌وه‌شی خسته روو: ”پێش ئه‌وه‌ی راپه‌ڕینی پیره‌مه‌گروون بكرێ، له باینجان و بازیان راپەڕین دەستی پێكرد، له پیره‌مه‌گروون كه‌س نه‌كوژرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ئۆردوگای بازیان شه‌هید و بریندار هه‌بوو، له ناوچه‌ی بازیان و به‌رده‌رقاره‌مان یه‌كه‌م شه‌هید له راپه‌ڕین شه‌هید لوقمان شۆڕناخیی برام بوو، شه‌هید لوقمان پێشمه‌رگه‌ی داستانی خواكوڕك بوو، تائیستا به‌داخه‌وه یادی نه‌كراوه‌ته‌وه، داواكارم پیاچوونه‌وه هه‌بێت له یاده‌وه‌ریی راپه‌ڕین و راستی و دروستیی شۆڕشگێڕانی پارتی له‌بیر نه‌كرێت، زۆربه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی راپەڕین له هه‌ڵسانه‌وه‌ی شانه‌ی نووستوو و شۆڕشگێڕ هی پارتی بوون له سلێمانی.“