ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پێش جەژنی ڕەمەزان دووكانەكانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە

 

لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، کە زیاتر لە 210 دوکان تێیدا سووتان، ئێستا نۆژەنکردنەوەی بەشە تازەکەی بازاڕەكە کۆتایی هاتووە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.

 کارکردنیش بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە کولتوورییەکەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و وا بڕیارە پێش جەژنی ڕەمەزان دوکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە کە ئەوان ژمارەیان 136 دووکانە و تا ئێستا 90%یان نۆژەن کراونەتەوە.

 بەپێی وتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە ئەمڕۆ بازاڕەکەی بەسەر کردەوە، باسی لەوە کرد: ”بازاڕەکە بەتەواوەتی نۆژەن دەکرێتەوە و هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتییشی بۆ دابین دەکرێت.“

 جێگەی ئاماژەیە، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، کە بازاڕێکی کولتوورییە، بەشێکە لە بازاڕەكانی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان هەولێر و ئەو میوان و گەشتیارانەی سەردانی دەکەن، بازاڕەکە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دروست کراوە و تاوەکوو ئێستاکە کڕین و فرۆشتن و جووڵەی تێدایە.

 بازاڕی قەیسەریی هەولێر زیاتر لە هەزار دووکانی تێدایە و چەند بەشێکی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەشی کولتووری، بەشی تازە، بەشی کۆگاکان، نهۆمی سەرەوە و ژێرزەمینەکانی.

 شەوی 5/5/2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

 دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.”

 هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی دارایی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێک چوو.”

 میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی یەكێتی و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و كەركووك کەوتوونەتەوە.

شەوی یەكشەممە 8/9/2024، لەسەر فەرمانى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زیانلێکەوتوانی بازاڕی قەیسەری هه‌ولێر هاوكاريی داراییان بەسەردا دابەش كرا كە هاوكارییەكە لە نێوان (2 ملیۆن تاوەكوو 20 ملیۆن دینار) بوو.

 جگە لەو هاوكارییە داراییە، هەر بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك بەخشران، هەروەها لە باجی 2023 بە ڕێژەی 50% و لە باجی 2024یش بە ڕێژەی 100% بەخشران.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی کشتوکاڵ چه‌ند هه‌لێكی كار به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست لە پارێزگای هەڵەبجە ڕاده‌گه‌یه‌نێت

سەڵاح

کەشناسی : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

بەیاننامەى مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٦٣)یەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

دڵشاد