عیسا بزورگزاده، گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، باسی لە “دۆخی مەترسیداری” بەنداوە سەرەکییەکانی وڵات کرد. ئەو ڕایگەیاند کە قەبارەی سوودبەخشی بەنداوی کەرەج ئێستا “بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە” و گوتیشی بەشێکی زۆری ئەو قەبارە سوودبەخشەش لە ڕاستیدا “قەبارەی مردوو و نیشتووەکانە”.
گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران، جگە لەمە، ئاماژەی بەوەشدا کە بەنداوی لار نزیکەی وشک بووە و گوتی بەنداوەکانی لەتیان، تالقان و مەملو بە بەراورد لەگەڵ دۆخی ئاسایی ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی 46٪ی بارانبارین بوونەتەوە و هاوکات قەبارەی ئاویان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو 25٪ کەمیکردووە.
بزورگزاده هەروەها گوتی لە تاران مانگانە 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی سەرچاوە سەر زەوییەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی گشتی پێنج بەنداوەکە، لەگەڵ قەبارە مردوو و نیشتووەکانیاندا، تەنیا 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
بە گوتەی گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی وڵات، دۆخی هەموو ئاوی بەنداوە پێنج گانەییەکانی تاران “بە شێوەیەکە کە ماتۆڕسوارێکیش دەتوانێت لەناو بەنداوەکاندا هاتوچۆ بکات.”
ئەو گوتی پیشەسازی ئاوی وڵات تا ڕادەیەک هیوای بە بارانبارینی مانگی خاکەلێوە (فروردین) بەستووە و گوتی: “جگە لە تاران، پارێزگاکانی هورمزگان، سیستان و بەلوچستان، خوزستان، کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد و بوشێهریش ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی 50٪ی بارانبارین بوونەتەوە.”
بزورگزاده ئەوەشی بیرخستەوە کە پارێزگاکانی وەکوو چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئەلبورز، ئیسفەهان، تاران، مەرکەزی، ئەردەبیل، خوراسانی باکوور، فارس، خوراسانی باشوور، لورستان و ئیلامیش 30 تا 50٪ کەمئاوییان هەیە.
بە گوتەی ئەو، پارێزگاکانی قوم، هەمەدان، کرماشان، قەزوین، گوڵستان، کوردستان، خوراسانی ڕەزەوی، سمنان، کرمان و ئازەربایجانی ڕۆژاوایش کەمبوونەوەی بارانبارینیان لە نێوان 10 بۆ 30٪ ئەزموون کردووە.

هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو