ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پێشبینی هاتنی ٢٠٠ هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان

 

هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران خۆی ئامادە دەکات، چاوەڕوان دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز سەردانی ناوچە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار بێنە ناوچەکانی هەرێم.

هاتنی گەشتیاران بەم شێوەیە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، کە بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێن، بە تایبەتی بۆ بەشداربوون لەم یادە ساڵانەیە کە کەلتوور و دابونەریتی کوردی تێیدا دەردەکەوێت.

سبەینێ، پێنجشەممە، لە شاری ئاکرێ، یەکێک لە مەراسیمە سەرەکییەکانی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی بەڕێوەدەچێت و تێیدا ئاگری نەورۆز دادەگیرسێت و چەندین چالاکی جیاواز وەک نمایشە کەلتوورییەکان و ئاهەنگگێڕان ئەنجام دەدرێن.

بەپێی زانیارییەکان، هۆتێل، میوانخانە و چێشتخانە‌ی شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بە تەواوی ئامادە کراون. هاوکات، چەندین مەراسیم و چالاکی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکاندا بەرنامەڕێژی کراون بۆ ئەوەی ئەزموونێکی دەوڵەمەند بۆ سەردانیکەران بەرهەم بێت.

ئەم هاتنە زۆرەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە نەورۆز وەک سەرەتای ساڵی نوێی کوردی، بە یەکێک لە گرنگترین جەژنە کەلتوورییەکان دادەنرێت و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ بەشداریکردن تێیدا ئامادە دەبن. دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەمەش کردووە ئەم ژمارەیەی گەشتیاران بە تایبەتی لە بوارەکانی گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەکان دەتوانێت کاریگەرییەکی باشی لەسەر ئابووریی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

فیدراسیۆنی بەڕازیل پەیوەندی بە ئەنچیلۆتی دەکات

یاسین

تورکیا ماڵی هاوڵاتیان لە گوندەکانی تل تەمر و کۆبانێ تۆپباران و بۆمباباران کرد

یاسین

مەسرور بارزانی : شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی هەمیشە لە یادمانن

یاسین