ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا (MGK) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوە دەبات و چاوەڕوان دەکرێت تێیدا پرسە سەرەکییەکانی ئاسایشی نێوخۆیی و ناوچەیی وەک کارنامەی سەرەکی تاوتوێ بکرێن.
بە پێی ڕاگەیەندراوی میدیاکانی تورکیا، کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی تایبەت گرنگی دەدات بە پرۆسەی نوێی حکومەت بە ناوی “تورکیای دوور لە تیرۆر”، کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی تیرۆرە لە وڵاتدا.
لەم پرۆسەیەدا، عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە، داوایەکی سەرنجڕاکێشی کردووە. ئۆجالان لە بانگەوازێکدا لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، داوای کردووە PKK چەکەکانی دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە و ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاشتی لە لایەن دەسەڵاتەکانەوە لێکدراوەتەوە. ئەم داواکارییە بەشێکە لە پلانەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ تورکیا.
هاوکات، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گرنگی بە پێشهاتەکانی سووریا دەدات، بە تایبەت دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و درگیرییە بەردەوامەکان لە نێوان حکومەتی نوێی دمشق و هێزەکانی پێشووی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە تورکیا هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تیرۆر و پتەوکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا خێراتر کردووە. “تورکیای دوور لە تیرۆر” وەک ستراتیژێکی نوێ دەردەکەوێت کە دەیەوێت لە ڕێگەی دیالۆگ و فشارە سیاسی و سەربازییەکانەوە، کۆتایی بە چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکان بهێنێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە بڵاو بکرێتەوە کە تێیدا بڕیار و هەڵوێستەکانی تورکیا بە وردی خرێنەڕوو.

هەواڵی داهاتوو