دووەم خولی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە دەستی پێکرد و شاندەکانی ئەمریکایی و ڕووسی، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئادار بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان سەبارەت بە گەیشتن بە ئاگربەست کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی هەواڵی تاس و ڕیانۆڤۆستیی سەر بە حکومەتی ڕووسیا، بڕیارە لە کۆبوونەوەیەک جیاوازدا، وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ ڕاگرتنی هێرشە دوورمەوداکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دژی دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی مەدەنی و هەروەها ڕاگرتنی هێرشەکان لە دەریای ڕەش بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی بازرگانی سەلامەت، گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ “فاکس نیوز ساندی”، جەختی لەوە کردەوە چاوەڕێ دەکات “پێشکەوتنی ڕاستەقینە” لە گفتوگۆکانی سعوودییەدا ڕووبدات.
ستیڤ ڤیتکاف هەروەها گوتی: “بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ڕاگرتنی هێرشەکان لە دەریای ڕەش، کاریگەری لەسەر کەشتییەکانی هەردوو وڵات دەبێت، دوای ئەوە پرۆسەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو ئاگربەستێکی تەواو و فراوان دەڕوات”.
لە هەمان کاتدا، ڕۆستەم عومەرۆڤ وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانی ئێوارەی یەکشەممە لەگەڵ شاندی ئەمریکایی لە ئەستۆ بوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: “گفتوگۆکان سازندە و چڕ بوون. ئێمە لەبارەی خاڵە سەرەکییەکانەوە گفتوگۆمان کرد “.