عەشیرەتەکانی گەڕەکی شوجاعییە لە غەززە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ ئاداری ٢٠٢٤، گردبوونەوەیەکیان دژی بزووتنەوەی حەماس کرد و جەختیان کردەوە کە چی دیکه بێدەنگ نابن.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئەو عەشیرەتانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرکردایەتیی حەماس تۆمەتبار کراوە ئەوانی پشتگوێ خستووە و لە خەڵکی غەززە سوود وەردەگرێت. ئەوان هەروەها ڕایانگەیاند کە کەرتی غەززە موڵکی هیچ گروپ یان لایەنێکی دیاریکراو نییە.
شەوی سێشەممەش لە خان یونس لە باشووری غەززە خۆپیشاندان کرا و خۆپیشاندەران دروشمیان دەگوتەوە و داوای ڕاگرتنی جەنگ و کۆتایی هێنان بە دەستتێوەردانی حەماس لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەیان دەکرد.
لە دیمەنێکی دەگمەندا لە کەرتی غەززە، هەزاران فەلەستینی ڕۆژی سێشەممە لە شەقامەکانی بێت لاهیا و جەبالیا لە باکووری غەززە ڕێپێوانیان کرد و داوای ڕاگرتنی ئەو جەنگەیان دەکرد خەڵکەکەی بە تەواوی ماندوو کردووە بووتە هۆی ناخۆشی و وێرانکارییەکانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین نووسراو بڵاوکراونەتەوە کە نیشان دەدەن سەدان فەلەستینی لە باکووری کەرتی غەززە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە و دروشمی “حەماس بڕۆ دەرەوە” دەڵێنەوە، ئەمەش دەرخستنێکی دەگمەنە لە دژایەتیکردنی ئەم ڕێکخراوە چەکدارە.
لە نێو ئەو دروشمانەی کە داوای ئازادی و ئاشتییان دەکرد، خۆپیشاندەران لافیتەیان بەرز کردبووەوە کە ئیدانەی بەردەوامیی جەنگی دەکرد و داوای دەرچوونی سەرکردەکانی حەماسیان دەکرد کە جگە لە وێرانکاریی زیاتر هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە.
“دەمانەوێت بژین”، “چیتر وێرانکاری بەسە”، و “حەماس بڕۆ دەرەوە” هەندێک بوون لەو دروشمانەی کە لە ئاستی شاردا دەزرنگایەوە و نیشانەی ناڕەزایەتیی زۆربوونی بزوتنەوەی حەماسە لە ساڵی ٢٠٠٧وە کۆنترۆڵی غەززەی بەدەستەوەیە.

هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو