پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی داوای لێبوردنی لە جاک گریالیش کرد، چونکە کاتێکی تەواو بۆ یاریکردنی پێنەدا بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەدەستبهێنێتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە تۆماس توخێلی ڕاهێنەری ئینگلتەرا لە پێکهاتەی یەکەمی بۆ سێ شێرەکە دوورخستەوە و هۆکارەکەی بۆ کەمی کاتەکانی یاریکردن لەگەڵ مان سیتی گەڕاندەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چەندە قورس بوو گریالیش کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە دەستی بە یارییەکی پریمەرلیگ نەکردووە لەسەر کورسی یەدەگ، گواردیۆلا وتی: زۆر بەزەییم بە هەموو ئەو یاریزانانەدا دێتەوە کە یاری ناکەن.
پیپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو ڕاهێنەران لە سەرانسەری جیهان دەبێت بڕیاری دروست بدەن، کاتێک پێکهاتەی سەرەکی هەڵدەبژێرن، بەو باوەڕەی کە کاریگەری دەبێت.