ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی تایبەت لە هەموو کوردێکی دڵسۆز لە هەر شوێنێکی دنیابێ دەکەین و، جەژن لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و تەواوی کوردستانیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

کەلتووری نەتەوەییمان لە ڕەوتاری مێژوویی خۆیدا خاوەن شوناسی راستەقینە و تایبەتمەندێتی خۆیەتی و تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەو نەریتەی پەرەپێداوە و پاراستوویەتی شانبەشانی شوناسی ڕەسەنی نەتەوەیی و ڕەگەزە نەتەوەییەکانی دیکە، دیارە نەورۆزیش یەکێکە لەو نەریتە ڕەگاژۆییەی نێو مێژووی بوون و مانەوەی گەلەکەمان.
لەسەرینی ئەمەوە یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٥)ی ئەمساڵیش لە نێو دیرۆک و کەلتووری کوردەواریدا وەک نەریتێکی دێرین و هەمیشە زیندوو و گرنگە، نەورۆز وەک هەمیشە نیشانەی بووژانەوە و سرووشبەخشی نوێبوونەوەی سرووشت بووە. هەروەها هەوێنی نەسرەوتن و بەردەوام بوونە لەسەر ڕێچکە و ڕەوتی تێکۆشان و ڕەتکردنەوەی زوڵم و زۆرداری.

هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆز، هاندەر و بزوێنەری گیانی ئازادیخوازی و ڕزگارییە، هێمای یەکبوون و ڕابوونە، نیشانەی ڕۆژێکی نوێیە لە سەرتاسەری کوردستان، بۆیە ئەو بۆنە جەماوەرییە بە دەرفەتێک دەزانین بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی ناوخۆ و هاماهەنگی زیاتر و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان.
هیوادارین بۆ لەمەودواش هەموو لایەک بە هێز و گیانی بەرپرسیاریەتی کار بکەین و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی کاری لەپێشینەی خیتابی سیاسیمان بێ بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و پاراستنی قەوارەی شەرعی هەرێم و دەستکەوتەکانمان.

ئەو بۆنە پیرۆزە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕین و ڕۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان، بەو بۆنە گرنگەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتییان و خەڵکی سەربەرزی شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین.

جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی پیرۆز و، کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان و شکۆدار بێت.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
نەورۆزی٢٧٢٥ی کوردی
٢١ی ئاداری ٢٠٢٥زایینی

هەواڵی پەیوەندیدار

کتێبی “هەورامان لە نێو بەرداشی ململانێکاندا” ناسێندرا

ART

سیجی ئاوزاوا ماڵئاوایی لە ژیان کرد

ART

داهاتی بەشی دووەمی “Dune” لە سینەماکانی جیهاندا

ART