دوو دادوەری پلەباڵای ئێران، “محمد مقیسە” و “عەلی ڕازینی”، پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٥، لە نزیک باڵەخانەی دیوانی باڵای دادەوریی ئەم وڵاتە کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللـه و کوژران.
لەم ڕووداوەدا، “دادوەر میری” و یەکێک لە پاسەوانەکانیش بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، کەسی هێرشبەر دوای تەقەکردن خۆی کوشتووە. میدیاکانی ئێران جەختیان کردووەتەوە هێرشبەر هیچ پەیوەندی یان دۆسیەیەکی لە دیوانی باڵای وڵات نەبووە.
“عەلی ڕازینی” یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بوو. کاری پیشەیی ئەو دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بە بەڕێوەبردنی قوتابخانەی حەقانی دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٨١ چووە نێو دەزگای دادوەری.
لە دەیەی ١٩٨٠دا بەرپرسیارێتیی گرنگی وەک دادوەریی دادگای شۆڕشی تاران و سەرۆکایەتیی دادگای خوراسانی لە ئەستۆ بوو.
ڕازینی، لە ساڵی ١٩٨٤ جێگری “ئەسەدوڵڵا لاجوەردی” لە دادستانیی تاران بوو و دواتر گەیشتە پۆستە گرنگەکانی وەک سەرۆکی ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکان و حاکمی شەرعی دادگای تایبەتی ماموستایانی ئایینی.
لاجوەردی لە ٢٣ی ئاگۆستی ١٩٩٨ لە شوێنی کارەکەی لە بازاڕی تاران، لەلایەن دوو ئەندامی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقەوە تیرۆر کرا و بکوژەکانی دوای کوشتنی دەستگیر کران و لە سێدارە دران.
ڕازینی، لە قۆناخەکانی دواتردا گەیشتە پۆستەکانی دادستانی تاران و سەرۆکایەتیی دیوانی دادپەروەریی کارگێڕی. ڕازینی لە ساڵی ١٩٩٨یش لە هەوڵێکی تیرۆر ڕزگاری بوو.
“محمد مقیسە” ش هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە سیستەمی دادوەریی ئەم وڵاتە چالاک بوو. ئەو بە نازناوی “ناسریان” ناسرابوو و تۆمەتبار کرابوو بەشداریی لە لە سێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨ لە زیندانی گەوهەردەشتی شاری کەرەج کردووە.
ژمارەی ئیعدامکراوانی ئەوساڵە دیارنییه و چاودرێان بە ٣هەرزار بۆ ٤هەزار و ٥٠٠کەسی دەخەمڵێنن.
مقیسە، لە ساڵانی دواییدا وەک سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران ناسرابوو و بە دەرکردنی حوکمی قورس ناوبانگی دەرکردبوو. لە دوا پۆستیدا وەک دادوەری دیوانی باڵای وڵات کاری دەکرد.
هەواڵی داهاتوو