ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ترامپ: ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە دروشمی ئیدارەکەی منە

 

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 22ی مانگی دوو لە سێیەم ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی سی پەک باسی ژماره‌یه‌ك پرسی كرد و ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران لە کۆتایی خولی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا هیچ پارەیەکی بەدەستەوە نەمابوو بە حەماس و حزبوڵای بدات.

سەرۆک ترامپ وتی لەگەڵ جۆو بایدن بەچوونە ناو بۆ کۆشکی سپی هەموو سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و حکوومەتیش بە فرۆشتنی نەوت جارێکی دیکە دەوڵەمەند بووەوە.

دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بووایە، هێرشە تیرۆریستییەکەی 7ی ئۆکتۆبەری سەر ئیسرائیل هەرگیز ڕووی نەدەدا.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا، ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە دەدات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆو بایدندا بۆ ئۆکرانیا دابینکراوە.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ دابەشکردنی داهاتی سامانە کانزاییەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد و وتی “ئەمەریکا 350 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری داوە، چونکە سەرۆک و حکومەتێکی گەمژە و بێتوانامان هەبووە.”

وتیشی “ئەوروپا هاوکارییەکانی خۆی لە شێوەی قەرزدا پێشکەشی ئۆکرانیا کرد، بۆیە پارەکانیان وەردەگرنەوە. بەڵام ئێمە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک ئەم پارەیەمان داوە.”

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە “دەمەوێت لە بەرامبەر ئەو هەموو پارەیەی کە داومانە شتێک بەدەست بهێنین. هەوڵ دەدەم کۆتایی بە شەڕەکە بهێنم و ئەم کوشتارە ڕابگرم. هەر بۆیە داواکارییەکمان خستۆتە ڕوو بۆ سەرچاوە کانزاییە دەگمەنەکان و نەوت یان هەر شتێک کە لە تواناماندا بێت”.

وتیشی “قسەم لەگەڵ پوتن کرد و ئەم شەڕە کۆتایی دێت.” بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە “پێم خۆش نییە باسی دۆسیەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکەم، چونکە ئێمە لە ناوەڕاستی دانوستانەکانداین”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە دروشمی ئیدارەکەی منە”.

ترامپ هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا وتی “هیچ کەسێک وەک من توند نەبوو بەرامبەر بە چین. بێگومان ڕێز لە سەرۆکەکەیان و گەلەکەیان دەگرم”.

بەڵام سەبارەت بە کەناڵی پەنەما، حکومەتی پەنەمای تۆمەتبار کرد بەوەی “داوویەتی بە چین”. ترامپ وتی “ئێمە کەناڵی پەنەما وەریدەگرینەوە.”

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا، ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کەسێک شتێکی وەک هەوڵە بەرفراوانەکانی ئیدارەکەی بۆ دەرکردنی هەزاران فەرمانبەری فیدراڵی و بچووککردنەوەی حکومەتی نەبینیوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند “زیاتر لە 75هەزار و 500 کارمەندی فیدراڵی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئیڵان ماسکی بە “نیشتمانپەروەر” ناوبرد وتی “کارێکی گەورە”ی لەو شوێنەی بۆی دانراوە، دەیکات.

ماسک کە دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، ئەرکی بچووککردنەوەی حکومەت و کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکانی پێسپێردراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی دا “زۆرینەیەکی سیاسی نوێ و بەردەوام دروست دەکەین کە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ نەوەکانی داهاتوو بەرەو پێشەوە ببات.”

ترامپ هەروەها باسی لە سیاسەتەکانی کۆچبەری و پلانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە یەدەگی زێڕی ئەمەریکا کرد.

وتیشی “زۆرێک لە کۆچبەرانی نایاسایی هاتوونەتە ئەمەریکا بۆ ئەوەی لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکانیاندا ڕەگەزنامە بەدەستبهێنن”. “ئێستا ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە دەچنە ناو ئەمەریکاوە بە ڕێژەی لەسەدا سەد کەمیکردووە”.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ترامپ ڕەخنەی توندی لە جۆو بایدن و کامڵا هاریس و بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی ئەمەریکا گرت.

وتی “جیمی کارتەر لەم دواییانەدا بە دڵخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، چوون دەیزانی کە چیتر خراپترین سەرۆک نییە لە مێژووی ئەمەریکادا، چونکە جۆو بایدن لە ئەو خراپتر بوو.”

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژە بە کشانەوەی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئەمریکا وتی “لە ڕاستیدا من لە هەڵبژاردنەکاندا دوو کەسم تێکشکاند.”

ترامپ دەستکەوتەکانی ئیدارەی ئێستای لە چوار هەفتەی یەکەمدا بە “زیاتر لە چوار ساڵی ئیدارەی بایدن” ناودێر کرد.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

یاسین

73هەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە زەوی وەردەگرن

یاسین

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

یاسین