ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی ڕۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر راپەڕینی رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت. لە ١٢ ئاداری ٢٠٠٤ ، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی تۆپی پێ لە قامیشلۆ، ئاڵۆزی لە نێوان جەماوەری دوو تیمەکان دروست بوو. پۆلیسی ئەسەد لە نێو یاریگاکە گولـلەیان لە جەماوەری کورد گرت و ژمارەیەک کورد شەهید و بریندار بوون. دوای ئەو رووداوە، لە سەرانسەری شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوا، کورد خۆپیشاندانیان دەرخست بەڵام چەکدارانی ئەسەد بە گوللە وەڵامی هاوڵاتییانیان دایەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ کەس شەهید بوون.
١٢ ئاداری ٢٠٠٤ لە بیرەوەری هەموو کوردێکی رۆژئاوای کوردستان ماوەتەوە و دەمێنێت، کاتێک کە بە هەزاران کورد رووبەڕووی رژێمێکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ بوونەوە.
لەسەر یارییەکی فوتبۆڵ، چەکدارانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بە خوێنێکی سارد دەیان گەنجی کوردیان کوشت. لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری فوتبۆڵ لە نێوان تیمی جیهادی قامیشلۆ و فەتوای دێرەزوور لە قامیشلۆ، جەماوەری تیمی فەتوا سووکایەتییان بە ئاڵا و کەسایەتییەکانی کوردستانی کرد و بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر جەماوەری تیمی جیهادی کورد. لە بری ئەوەی حکوومەتی سووریا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بارودۆخی ئاڵۆزتر کرد و بە فەرمانی پارێزگاری حەسەکەی ئەو کاتە، پۆلیسەکان گوللەیان لە جەماوەری کورد گرت و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی کورد شەهید و بریندار کران.
لەسەر ئەو ڕووداوە خەڵکی رۆژئاوا لە سەرانسەری ناوچە کوردییەکان خۆپیشاندانیان کرد. لە دێریکەوە تا عەفرین، کوردەکانی حەلەب و شام دژی زۆرداری رژێمی بەعس و پێشێلکارییەکانی راپەڕین. خەڵک بە دروشمی “بژی کوردستان” و “شەهید نامرن” چوونە خۆپیشاندان، بەڵام رژێمی سووریا بە گولـلە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە.
لە ڕێکارەکانی حکوومەتی سووریا لەو کاتەدا، هێزێکی گەورەی لە شارە کوردییەکان کۆکردەوە و قەدەغەی هاتوچۆی لە چەندین شار ڕاگەیاند و لە ژێر سایەی بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیدا، دەستی بە گرتنی هاوڵاتیانی کورد کرد.
لە ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار، زیاتر لە ٣٠ کوردی رۆژئاوای کوردستان شەهید بوون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەها زیاتر لە ٣ هەزار کەس گیران. هیچ لێکۆڵینەوەیەکیش سەبارەت بەو ڕووداوە نەکرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

پرێمەرلیگ.. تۆتنهام بە ڕیمۆنتادا سەرکەوتنێکی تری بەدەستهێنا

یاسین

توركیا… هێلیکۆپتەرێک خۆی به‌ باڵه‌خانه‌ی نەخۆشخانەیه‌كدا كێشا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا

سەڵاح

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئەپی Paint 3D دەسرێتەوە

یاسین