دەزگای ئاسایشی نێوخویی ئیسرائیل (شین بێت) و پۆلیسی ئەو وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئادار ڕایانگەیاند هاوڵاتییەکی تەمەن ٦٥ ساڵیان لە شاری نەتیڤۆت بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکردووە.
بە گوتەی ئەو دەزگا ئەمنیانە، “ئیدوارد یۆسۆپۆڤ” لە بەرانبەر وەرگرتنی دەیان هەزار دۆلار، ئەو ئەرکانەی جاسووسییەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێرانەوە پێی سپێردرابوون، ئەنجامداوە.
ئەم کەسە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە لەژێر چاودێریی ئەمنیدا بووە، چونکە پەیوەندیی بە هاوڵاتییەکی کۆماری ئازەربایجانەوە هەبووە کە لە دوبەی نیشتەجێیە. ئەو فەرمانی پێکرابوو کە چالاکیی چاودێری ئەنجام بدات و وێنەی دامەزراوە ئەمنی و ژێرخانییەکان، لەوانە بنکە سەربازییەکان، بەندەری حەیفا، پاڵاوگەکانی نەوتی حەیفا و ناوەندی توێژینەوە ئەتۆمییەکانی نیگەڤ بگرێت.
هەروەها لە سەرەتای مانگی مارسدا، بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاند کە هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە بەهۆی پەیوەندیکردن بە ئەندامانی هەواڵگریی ئێران و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی زانیاریی هەستیار دەربارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دەستگیرکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم، ئەو کەسەی کە کێشەی دارایی هەبووە، لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەی دیجیتاڵی، زانیارییەکانی خستووەتە بەردەستی لایەنی ئێرانی و خۆی وەک کەسێکی خاوەن دەسەڵات بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان ناساندووە.

هەواڵی داهاتوو