ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دانیمارک دەیەوێت خزمەتی سەربازی بۆ ئافرەتان بکات بە زۆرەملێ

حکومەتی دانیمارک پلانی هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦ـه‌وە خزمەتی سەربازی بۆ ئافرەتان بکات بە زۆرەملێ، بە شێوەیەک ئەوانیش وەک پیاوان بانگهێشتی خزمەتی سەربازی بکرێن. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی وڵات دەنرێت.
ترۆێڵس لوند پۆڵسن، وەزیری بەرگریی دانیمارک، ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەم زووانە خزمەتی سەربازی بۆ ئافرەتانیش دەکات بە زۆرەملێ. ئەم بڕیارە دوای ڕێککەوتنی حزبەکان بۆ پەسەندکردنی خێراتری پڕۆژە یاسایەک لەم بوارەدا درا.
سەرەتا بڕیار بوو ئەم گۆرانە لە ساڵی ٢٠٢٧وە جێبەجێ بکرێن، بەڵام ئێستا چاکسازییەکان لە نێوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥وە دەست پێدەکەن.
بەپێی ئەم گۆڕانکارییانە، ئافرەتان وەک پیاوان بە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی پابەند دەبن و ئەگەر ژمارەی خۆبەخشەکان بەس نەبێت، ئەوا ڕەنگە بە زۆرەملێ بانگی خزمەتی سەربازی بکرێن.
ئەو ئافرەتە دانیمارکییانەی دوای یەکی تەمموزی ئەمساڵ تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ، ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بانگی خزمەتی سەربازی بکرێن. بەڵبەت هێشتا دەبێت ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، بەڵام پەسەندکردنی نزیکەی مسۆگەرە.
مایکل هیلدگارد، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی دانیمارک، پشتگیریی ئەم هەنگاوەی کردووە و بە ڕۆژنامەی دانیمارکی “ییلاند پوستن”ی ڕاگەیاندووە: «یەکسانیی جێندەری هەنگاوێکی باشە و چانسی بەرزکردنەوەی توانای سەربازی لە پاراستنی دانیمارک زیاتر دەکات.»
لە ئێستادا، خزمەتی سەربازی لە دانیمارک تەنها بۆ پیاوانی تەمەن ١٨ ساڵ و بەرەو سەرەوە زۆرەملێیە. ئافرەتان تا ئێستا ناچار نەبوون خزمەتی سەربازی بکەن، بەڵام دەتوانن بە خۆبەخشانە بچنە نێو سوپاوە. لە ئێستادا ئافرەتان نزیکەی ٢٥٪ی هێزەکان لە سوپای دانیمارک پێکدەهێنن.
ساڵی ڕابردوو، دانیمارک بڕیاریدا لە ئابی ٢٠٢٦وە ماوەی خزمەتی سەربازی لە چوار مانگەوە بۆ یازدە مانگ زیاد بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمار کرد

یاسین

ئاگادارییەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

یاسین

پێشبینی دەكرێت نرخی زێر زیاتر بەرزببێتەوە

گوران