پاش هێرشەکەی ڕۆژی شەممە لە پەراوێزی ڕێپێوانی هاوڕەگەزخوازان لە بەرلین، پۆلیس ڤیدیۆیەکی دەست کەوتووە؛ تێیدا داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکە دەگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “بیڵد”، پۆلیس لە نێو ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکەدا مۆبایلێکی دۆزیوەتەوە ڤیدیۆی گرتنەئەستۆی هێرشەکەی تێدایە.
هێشتا ڕوون نییە تۆمەتبارەکە مۆبایلەکەی بە ئەنقەست لەوێ جێ هێشتووە یان لە کاتی پێکدادانەکەدا لێی کەوتووە. وا گومان دەبرێت مۆبایلەکە لە کاتی خۆپیاکێشانی ئۆتۆمبێلەکە بە نێو خەڵکەکەدا لەدەستی کەوتبێت.
عەبدول .ب، ئێوارەی شەممە ٢٥ی تەممووز، لە پەراوێزی ڕێپێوانی “ڕۆژی شەقامی کریستۆفەر” لە بەرلین، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤان خۆی بە نێو ڕێبوارانی تێیرگارتندا دا؛ ژنێکی کوشت و دەیان کەسی دیکەی بریندار کرد. تۆمەتبارەکە سەرەتا لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵات؛ ڕۆژی دواتر لە کاتی ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی پۆلیس (SEK) لە ناوچەی ئەسپانداوی بەرلین بە گوللە کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تەنها مۆبایلەکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا نەدۆزراوەتەوە؛ هێزە ئەمنییەکان کێلانێکی خاڵیی قەمەشیان دۆزیوەتەوە.
کەمێک پاش ڕووداوەکە ڕاگەیەندرا هەندێک لە قوربانییەکان شوێنەواری چەکی ساردیان پێوەیە؛ بەڵام خودی چەکەکە (قەمەکە) هێشتا نەدۆزراوەتەوە. ئێستا لە شوێنی هێرشەکە لە بەرلین، بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییەکان چەپکە گوڵ دانراوە.

