ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ۲٨ـی تەمموزی ۲۰۲٦، بەئامادەبوونی ڕێزدار ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەڕێز یان بریم، کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، ڕادۆ بوتۆم، نوێنەری نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و میوانان، لە مەڕاسیمێکی تایبەت بە کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا بەسەرکەوتوویی ڕاگەیەندرا.
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسی کەسەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە جێبەجێکراوە.
لە مەراسیمەکەدا دەسکەوتە گرنگەکانی پڕۆژەکە خرانەڕوو، کە تێیدا لەسەر چەند تەوەرێکی گرینگ کارکراوە و سوود لە ئەزموونی ووڵاتی فەڕەنسا بیندراوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی قەیران و کارەساتەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بابەتەکانی لافاو و ئاگر و کەمکردنەوەی هەڕەشەی مەترسییەکان و چەندین بابەتی دیکە.
شایەنی باسە لە گرینگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی تواناکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان و بەرزکردنەوەی توانای تیمەکانی بەرگری شارستانی، لەم چوارچێوەیەش یەکێك لە گرینگترین تەوەرەکانی پڕۆژەکه بۆ یەکەمجار دانانی شوێنی مەشق و ڕاهێنانی ئاگربوو بە ٨۰۰ پلەی سیلیزی، بەمەش هەرێمی کوردستان دەبێتە سێیەم ووڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەم جۆرە سیناریۆیەی بۆ ڕاهێنانەکان دەبێت، کە هاوشێوەی ووڵاتی فەڕەنسایە، وە هەر لە مەڕاسیمەکەدا چەندین بابەتی دیکەی گرینگ کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا کاریان لەسەر کراوە و لە قۆناغی یەکەمدا بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات.

