موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێکی نوێدا هۆشداریی توند دەدات و داوا دەکات عێراق لە ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکە دوور بخرێتەوە. سەدر داوا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات هیچ پاساوێک نەدەنە دەست وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکەنە ئامانج.
سەدر لە بەیاننامەکەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، جەختی لەسەر سەروەریی خاکی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: “عێراق نابێت ببێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، هەربۆیە پێویستە سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە خاکی عێراق دوور بکەوێتەوە.”
ئەم کەسایەتییە کاریگەرەی شیعە، کە پێشتر لە ڕێگەی “سوپای مەهدی”یەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، ئێستا وەک لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری دەردەکەوێت. ئەو لە بەیاننامەکەیدا بە توندی سەرکۆنەی چالاکی ئەو گرووپانەی کرد کە بە “میلیشیا سەرەڕۆکان” ناوی بردن و تۆمەتباری کردن بەوەی هەوڵ دەدەن عێراق پەلکێشی ناو “شەڕێکی بێمانا” بکەن.
هاوکات، موقتەدا سەدر داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەستێت لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات و ڕێگری بکات لەوەی خەڵک و پیرۆزییەکانی عێراق ببنە قوربانیی “خورافات و ڕق و کینەی تائیفی و عەشایەری.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر و لایەنگرانی جەختیان لەوە کردەوە کە دوای ساڵانێکی زۆر لە ململانێ، ئێستا عێراق و گەلەکەی لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە ئاشتی و ئارامییە و نابێت چیتر وڵاتەکە بکرێتە سووتەمەنی شەڕی هێزە دەرەکییەکان.

