zagros news agency

پۆلیسی تورکیا ئەردال بێشیکچیئۆغڵو، سەرۆک شارەوانی و ئەکتەری ناسراوی دەستگیرکرد

 

ئەمرۆ پێنجشەممە، پۆلیسی تورکیا ئەردال بێشیکچیئۆغڵو، ئەکتەری ناوداری پێشوو و سەرۆکی ئێستای شارەوانیی “ئەتیمەسگوت” لە ئەنقەرە دەستگیرکرد. ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرە هەڵمەتێکی نوێدایە کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.

وەزارەتی دادی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بێشیکچیئۆغڵو بەهۆی گومانی هەبوونی “نادروستی و ساختەکاری” لە تەندەرەکانی شارەوانیدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. لێکۆڵەران هەروەها وردبینی لە دۆسیەکانی بەکرێدانی گەراجەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتەکانی بیناسازی و نیشتەجێبوون دەکەن.

ئەردال بێشیکچیئۆغڵو، کە لای هەوادارانی بە کارەکتەری “بەهزاد چێ” لە زنجیرە درامایەکی پۆلیسیی بەناوبانگدا (٢٠١٠-٢٠١٩) ناسراوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا وەک کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (CHP) لە شارۆچکەی ئەتیمەسگوت لە ڕۆژئاوای ئەنقەرە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا، ئۆپۆزسیۆن توانی کۆنترۆڵی زۆربەی شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بەهێزتر بکات.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەدان سەرۆک شارەوانی و بەرپرسی هەڵبژێردراو لە تورکیا دەستگیرکراون. زۆربەی ئەم دەستگیرکردنانە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بوون کە شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی کردووەتە ئامانج.

جێی ئاماژەیە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ کە وەک بەهێزترین ڕکابەری سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەبینرێت، لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە دەستگیرکراوە و لە زینداندایە. ئیمامئۆغڵو ڕووبەڕووی چەندین دۆسیەی دادوەری بووەتەوە کە ڕەنگە سزای چەندین ساڵ زیندانیی بەسەردا بسەپێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتەکەی ئەردۆغان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادگاکانی تورکیا بێلایەنن و بە سەربەخۆیی و دوور لە فشارە سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

AP

 

هەواڵی پەیوەندیدار

CIA هۆشداری دەدات سەبارەت بە OpenAI و ChatGPT

یاسین

ترەمپ تاوتوێی هێرشێکی گشتگیر بۆ سەر ئێران دەکات

سەڵاح

ڕاوێژکارێکی بەشار ئەسەد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو

سەڵاح