هونەرمەندی هەڤاڵ ئیبراهیم، لە پەیامێکی سەرنجڕاکێشدا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، تێڕوانینی خۆی بۆ بڕست و گرنگیی هونەر و موزیکی دەربڕی.
هەڤاڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، موزیک تەنیا کەرەستەیەکی خۆشگوزەرانی یان ڕابووردن نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە زانست و هەستی مرۆڤایەتی لە یەک کاتدا. ئەو روونی کردەوە، لە ناو ناخی موزیکدا زانستی وەک “بیرکاریی ریتم”، “فیزیای دەنگ”، “ئەدەبی وشەکان” و “ڕۆحی ئەداکردن” ئاوێتە بوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەو هونەرمەندە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی موزیکی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا و رایگەیاند: “ئێمە بۆ گۆرانی ناچین چونکە بەتاڵین، بەڵکو چونکە هەندێک هەست لەوە گەورەترن کە بە وشەی ئاسایی دەرببڕدرێن. هونەر دڵی خەمبار ئارام دەکاتەوە، مرۆڤی ماندوو پڕ لە هیوا دەکات و خەڵک لەسەر یەک هەست کۆدەکاتەوە، هەرچەندە لە بیروبۆچووندا جیاواز بن.
هەڤاڵ ئیبراهیم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە شارستانییەکان تەنیا بە تەلاری بەرز و بەرد بنیات نانرێن، بەڵکو بەو ئاسەوارە ڕۆحییانە دروست دەبن کە مرۆڤ لە ناخ و دڵدا جێی دەهێڵێت؛ وەک گۆرانییەک، هۆنراوەیەک، ئاوازێک، یان شوێنەپەنجەیەکی جوانی هونەری کە لە بیر ناچنەوە.
هەڤاڵ ئیبراهیم یەکێکە لە دەنگە ناسراوەکانی گۆرانیی کوردی، بەتایبەت لە شێوازی بادینی، و خاوەنی جەماوەرێکی بەرینە لە سەرانسەری کوردستان. بەشێک لەو بەرهەمانەی کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ناساندن و بەناوبانگبوونی.

