zagros news agency

لێژنەی ناوەندیی پەرەپێدانی بانگ پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری بانگبێژان تاوتوێ دەکات

 

بە ئامانجی پێشخستنی تواناکانی بانگبێژان و ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی بانگدان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لێژنەی ناوەندیی پەرەپێدانی بانگ کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و پڕۆژە پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.

رۆژی دووشەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٦، لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر، لێژنەی ناوەندی پەرەپێدانی بانگی کوردستان کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە پەرەپێدانی ئاستی لێهاتوویی بانگبێژان و داڕشتنی چەند خاڵێکی گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی بانگدان لە مزگەوتەکاندا.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کردنەوەی خولی تایبەت بۆ بانگبێژان کرا، بە مەبەستی ئاشناکردنیان بە مەقامەکان و بنەماکانی دەنگخۆشی، هاوکات پڕۆژەیەکی گشتگیر بۆ ڕێکخستنەوەی تەواوی پڕۆسەی بانگدان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ، پڕۆژە پێشنیارێک ئامادە کرا کە بڕیارە بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ڕێنماییەکی گشتی و هەموو هەنگاوەکانی پڕۆسەی بانگدان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێکدەخاتەوە، بە شێوەیەک کە هاوسەنگی و ڕێکوپێکی زیاتر بەو پڕۆسە ئایینییە ببەخشێت.

ئەم هەنگاوەی لێژنەی ناوەندیی پەرەپێدانی بانگ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری ناوەندە ئایینییەکان و نیشاندانی ڕوویەکی گەشتر و ڕێکخراوتری بانگبێژان لە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبونەوەى بەرچاوى تۆمار کرد

سەڵاح

هەوڵێکی ئەرێنی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان هەیە حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک

دڵشاد

نێچیرڤان بارزانی جەژنی ئەکیتۆ پیرۆز دەکات

سەڵاح