zagros news agency

زەیدی بانگهێشتی ماکرۆن دەکات سەردانی عێراق بکات

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا و ڕێگاکانی گەشەپێدان و بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە پەیوەندییەکەدا باس لە چەندین دۆسیە و بابەتی جێی بایەخی هاوبەش کراوە، لە سەروو هەمووشیانەوە هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان لە عێراق و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەم کۆمپانیا فەرەنسییەکاندا هەن، هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕەوشی ناوچەکە و ئەو هەوڵە هاوبەشانەی کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئەمن و سەقامگیرییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا کردووە، و بانگهێشتی سەرۆک ماکرۆنی کردووە بۆ سەردانیکردنی عێراق، و کارکردنی هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووری و وەبەرهێنانی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بهێنێتە دی.
زەیدی جەختی لەسەر بەردەوامبوونی حکومەت کردەوە لەسەر کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری، و گۆڕینی عێراق بۆ هێزێکی ئابووری و سیاسیی کاریگەر لە ناوچەکەدا، ئەمەش بەهۆی ئەو سەروەت و سامانە و پێگە گرنگ و کاریگەرەی کە هەیەتی و هێڵەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە عێراق پەرۆشە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، و ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئەوان بەکار بهێنرێت، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دا.
زەیدی هەروەها جەختی کردەوە کە ۳۰ی ئەیلوولی داهاتوو وەک وادەی کۆتایی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاری کراوە، و ڕوونی کردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەرفەتێکی فراوانتر لەبەردەم عێراقدا دەکاتەوە تاوەکو سەرنجی خۆی بخاتە سەر بنیاتنان، گەشەپێدان، بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک کۆماری فەرەنسا پێزانیینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕی کە حکومەتی عێراق ناونیەتی، و جەختی لەسەر پشتیوانیی فەرەنسا بۆ هەوڵەکانی عێراق لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان کردەوە، سەرەڕای بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

كاركردن لە پرۆژە گەورەكەی ئاوی ئاكرێ و دەوروبەری بەردەوامە

سەڵاح

پشووه‌كانی جه‌ژنی قوربان راگه‌یه‌نرا

سەڵاح

پەیامێک لە پێکهاتەی تورکمانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕای گشتی

سەڵاح