ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا ناوە کە بابەتی تەنگەی هۆرمز سیاسی کراوە و بۆ فشارخستن بەکاردهێنرێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە گفتوگۆکان و ناچارکردنی ئەمریکا بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی.
وتەبێژی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردار حوسێن محەبی، ئەمڕۆ یەکشەممە وتوویەتی: «تەنگەی هۆرمز بووەتە بەشێک لە جوگرافیای ڕووبەڕووبوونەوە بۆ ئێمە، نەک تەنها ڕێڕەوێکی ئاویی.
هەروەها زیادیکردووە کە ستراتیژی ئێران بریتییە لە «پاراستنی تەنگەکە تا ئەو کاتەی دوژمن هەموو مەرجەکانی ئێمە قبوڵ بکات»، بە پێی دەربڕینی ئەو.
لە هەمان کاتدا بانگەشەی کردووە و وتوویەتی: «ئێمە دوژمنمانمان ناچار کرد بە خێرایی دەست لە هەموو ئامانجەکانی هەڵبگرێت و هەوڵ بدات تەنگەی هۆرمز بکاتەوە»، بەپێی ئەوەی میدیاکانی ئێران گواستیانەتەوە.
پێشتر، ئێران ڕۆژی شەممە ڕوونی کردبووەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سلطەنتی عومان دەربارەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هۆرمز نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە بۆ کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، وتوویەتی کە ئێران و عومان «زۆر نزیکن» لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی لە ڕێگەی هۆرمزەوە. بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە کردنەوەی دووبارەی تەنگەکە پەیوەستە بە مەرجی تریش، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا.
لە لایەکی تریش، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران، محەمەد باقەر ذوولقەدر، وتوویەتی داواکارییەکانی تریش هەن؛ لەوانە کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەمریکییەکان دژی ئێران، وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان و ناوچە فلسطینییەکان و یەمەن و عێراق، هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان لەسەر تاران و ئازادکردنی سامانی ئێران.

