هەرمن ئەحمەد
ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەكەی باشووری كوردستان، تەنیا
ڕۆژێک نیە یان بۆنەیەك نیە کە هەر لەو ڕۆژەدا باس بکرێت، بەپێچەوانەوە دەبێ هەموو ڕۆژێک ئەم ڕۆژە گرنگە بەردەوام لە باسکردندا بێت، بەتایبەتی لە پلاتفۆرمی میدیاکاندا، چونکە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بە (ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان) دانراوە.
ریفراندۆم، تەنیا ڕووداوێکی سیاسیی ناوخۆی باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکوو پرسیارێکی کۆنی سیاسی و یاسایی و مافی نەتەوەیەک بوو، بڕیاری ئەنجامدانی خرایە بەردەم ناوچەكە و جیهان، کاتێک نەتەوەیەک یان گەلێك خاوەنی ناسنامە، دامەزراوە سیاسییەکان، پەرلەمان و حکوومەتی خۆیەتی، سنووری مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی دەتوانێت بڕیار بدات؟ وەڵامەکەی لێرەدا بە (بەڵێ و نەخێر) نیە، چونکە هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان زۆر ئاڵۆزە و هەموو کاتێک بەهۆی دەستوەردانی ئیقلیمی، دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی لەناکاو بێت.
ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گرنگیی ئەو بڕیارەی سەرۆک بارزانیمان
بۆ ڕوونتر دەبێتەوە كە بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی بڕیاری دا كە دەبێ لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەكان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تیادا ئەنجام بدرێت، بەپێی ئەنجامی ڕاگەیەندراو، زیاتر لە ٩٢٪ی دەنگەکان (بەڵێ) بوون بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
بۆ تێگەیشتن لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، پێویستە چاو تەنیا لەسەر بەغدا و هەولێر نەبێت. ئەزموونی ئەورووپا پیشان دەدات کە بوونی هەرێم، حکوومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتی فراوانی ناوخۆیی، بەندە بە رەفتار و دیدی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە فیدراڵییەكەوە. بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ئیسپانیا و شانشینی یەکگرتوو نموونەی جیاوازن، هەر یەکەیان بە شێوازێکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ هەرێم، فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی و خواستی سەربەخۆییدا دەکەن.
بەلجیکا.. هەم شانشین و هەمیش فیدراڵی
بەلجیکا نموونەیەکی ڕوونی دەوڵەتی فیدراڵە، لە دەوڵەتێکی یەکگرتووەوە بەرەو سیستەمی فیدراڵ گۆڕا. ئەمڕۆ بەپێی ماددەی یەکەمی دەستوور، بەلجیکا دەوڵەتێکی فیدراڵە کە لە سێ کۆمەڵگە و هەرێمەکان پێکدێت، هەرێمی فلامان، والۆنیا و بروکسلی پایتەخت هەن و هەرێمەکان پەرلەمان و حکوومەتی خۆیان هەیە.
ئەم نموونەیە خاڵێکی گرنگمان بۆ ڕوون دەکاتەوە،
هەرێمەکان دەتوانن دەسەڵاتی سیاسی، یاسادانان و جێبەجێکردنی فراوانیان هەبێت، بەڵام ئەو دەسەڵاتانە لە چوارچێوەی دەستووری دەوڵەتی فیدراڵدا دیار دەکرێن، واتە سیستەمی خۆبەڕێوەبردن و مافی یەکلایەنەی دامەزراندنی دەوڵەت دوو چەمکی جیاوازن لە کارکردندا.
لە بەلجیکا، پرسیاری ناسنامەی فلامانی و والۆنی و دابەشکردنی دەسەڵات لە ماوەی دەیان ساڵ لە ڕێگەی گۆڕانکاریی دەستووری و ڕێککەوتنی سیاسی چارەسەر کراوە، لەم ڕووەوە ئەزموونی بەلجیکا پیشان دەدات کە فیدراڵیزم دەتوانێت میکانزمێک بێت بۆ هاوسەنگکردنی یەکێتیی دەوڵەت و تایبەتمەندیی هەرێمەکان.
کەتەلۆنیا نموونەیەکی نزیکە لە هەرێمی کوردستان
ئەگەر بەدوای ئەزموون و نموونەی ئەورووپی و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ٢٠١٧دا بگەڕێین، کەتەلۆنیا باشترین نموونەیە و هەردوو ڕووداوەکەش لە هەمان ساڵدا ڕوویان دا.
پەرلەمانی کەتەلۆنیا یاسای ڕیفراندۆمی چارەی خۆنووسینی پەسەند کرد و ڕیفراندۆم بۆ یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دیاری کرا، حکوومەتی ئیسپانیا پەنای بۆ دادگای دەستووریی برد و دادگا لە ٧ی ئەیلوول یاساکەی هەڵپەسارد، دواتریش یاسای ڕیفراندۆمەکە بە نادەستووری و پووچەڵکردنی ڕاگەیەندرا.
بەڵام ململانێکان تەنیا لە چواچێوەی یاسایی نەمانەوە، دواتر قەیرانەکە گەورەتر بوو، کارلێس پویگدیمۆنت، سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی کەتەلۆنیا، ئیسپانیای بەجێ هێشت و چووە وڵاتی بەلجیکا. ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەلجیکا ژیا و لەوێوە لە چالاکیی سیاسی بەردەوام بوو.
بەراوردی کەتەلۆنیا و هەرێمی کوردستان گرنگە، بەڵام نابێت بە یەکسانیان بزانین. مێژوو، دەستوور، پەیوەندیی بە حکوومەتی ناوەندی و ژینگەی جوگرافی و ئەمنیی هەردوو حاڵەتەکە جیاوازن.
بەڵام هاوبەشییەکی دیار هەیە، لە هەردوو حاڵەتدا خواستی بەشێکی گەورە لە دانیشتوان بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی حکوومەتی ناوەندی و نیگەرانیی دەرەکی بەرەوڕوو بوونەوە.
ئەڵمانیای فیدراڵ نموونەیەکی جیاوازە
ئەڵمانیاش نموونەیەکی بەهێزی فیدراڵیزمە. کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە ١٦ لاند، واتا هەرێم، یان دەوڵەتی پێکهێنەر پێکدێت. ئەم لاندانە دەسەڵاتی خۆیان هەیە و لە بوارە دیاریکراوەکاندا یاسا دادەنێن، لە هەمان کاتدا دەستووری فیدراڵ سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ و لاندەکان دیاری دەکات.
ئەزموونی ئەڵمانیاش ئەو جیاوازییە پیشان دەدات كە فیدراڵیزم بە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتە، نەک بە مانای ئەوەی هەر یەکەی فیدراڵی بە مانای مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.
ئەم خاڵە بۆ کوردستان گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستانیش لە دەستووری عێراقدا قەوارەیەکی فیدراڵیی ناسراوە، بەڵام ناکرێت تەنیا لەبەر هاوشێوەیی وشەی فیدراڵ لە ئەڵمانیا و عێراق یەکسان بزانرێن؛ مێژوو، دامەزراوەکان، پەیوەندیی ناوەند و هەرێم و کێشەکانی سەروەری لە هەردوو وڵاتدا جیاوازن، لە هەمان كاتدا رەفتاری حكوومەتە فیدراڵییەكانیش لەگەڵ هەرێمكەكان جیاوازن، قەت دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بەراورد ناكرێن بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتێكی فاشی ڕەفتاری وەك عێراق.
ئیتالیا یەک دەوڵەت و بیست هەرێم
ئیتالیاش لە بیست هەرێم پێکهاتووە. پێنج هەرێمی وەک ڤینیسیا ، سیسیلیا، ساردینیا، تێرینتینۆ ئالتۆ ئادیجێ، ڤالی ئادۆستا، ماددەی ١١٦ی دەستووری ئیتالیا شێوە و مەرجی تایبەتی ئۆتۆنۆمییان هەیە.
هەر هەرێمێکیش ستاتووی خۆی هەیە کە شێوەی حوکمڕانی و بنەماکانی ڕێکخستنی دامەزراوەکانی دیاری دەکات.
کەواتە، ئیتالیاش نموونەی ئەوەیە کە ئۆتۆنۆمیی فراوان و ناسنامەی ناوچەیی دەتوانێت لەناو دەوڵەتێکدا هەبێت، بەڵام سنووری ئەو ئۆتۆنۆمییە بە دەستوور و یاسای دەوڵەت دیاری دەکرێت.
سکۆتلاند و ریفراندۆمەكانی
سکۆتلاند لەنێوان ئەم نموونانەدا تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە. لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠١٤، خەڵکی سکۆتلاند لە ڕیفراندۆمێکی سەربەخۆییدا بەشدارییان کرد. پرسیارەکە ڕاستەوخۆ بوو، ئایا سکۆتلاند دەبێت وڵاتێکی سەربەخۆ بێت؟
٨٤.٦٪ی دەنگدەران بەشدارییان کرد؛ ٤٤.٧٪ دەنگیان بە (بەڵێ) و ٥٥.٣٪ بە (نەخێر) دا. لە ئەنجامدا سکۆتلاند هەر بە بەشێک لە شانشینی وڵاتی بەریتانیا مایەوە.
گرنگیی ئەزموونی سکۆتلاند تەنیا لە ئەنجامەکەدا نەبوو، بەڵکوو گرنگییەکە لە پرۆسەکەدا بوو.
ڕیفراندۆمەکە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و بە ڕێککەوتنی سیاسی بەڕێوە چوو، بۆیە بەراوردی سکۆتلاند لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە لە پرسی سەربەخۆییدا تەنیا گەل یان دەسەڵات چی دەوێت؟ ئایا ئەنجامەکەی بۆ کێ گرنگە؟ بەڵکوو ئەو ڕێکەوتنە سیاسییانە بە چ میکانیزمێک دەگات بە دەنگدان؟ ئەنجامی دەنگدانەکەش شۆکهێنەر نەبوو بۆ گەلی سکۆتلاند، ئەو جیاوازییەی لە دەنگدەراندا دیارە کە بۆچی خواستی مانەوەیان هەیە لە چواچێوەی دەوڵەتی بەریتانیا، ئایا جارێکی دیكە ئەو هەلە دەڕەخسێت تا جیاوازیی لە ڕێژەی دەنگدەران ببینین؟
هەرێمی کوردستان؛ تایبەتمەندییەک لەنێوان ئەم نموونانەدا
هەرێمی کوردستان لە هەندێک ڕووەوە لەگەڵ هەرێمە فیدراڵی و ئۆتۆنۆمەکانی ئەورووپا هاوبەشییان هەیە، وەک: پەرلەمان، حکوومەت، دامەزراوە سیاسییەکان و دەسەڵاتی ناوخۆیی، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و جیۆپۆلیتیکییەوە، لەڕووی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی و توانەوەی شوناس جیاوازییەکی گەورە هەیە. لە عێراق دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵی، پابەند نیین بە مافەكانی هەرێمی كوردستانەوە، تەنانەت پابەند نیین بە خودی دەستوورەكەیەوە.
ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ لە ژینگەیەکدا ئەنجام درا کە عێراق
هێشتا لە دەرئەنجامەکانی شەڕی داعش دەرباز نەبووبوو، کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بەردەوام بوو و تورکیا و ئێران نیگەرانیی خۆیان لە کاریگەریی سەربەخۆیی کوردستان لەسەر کوردەکانی بەشەكانی دابەشبوو بەسەر ئەواندا دەربڕی. ئەمەریکا و هەندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیش پێیانوابوو کاتی ڕیفراندۆمەکە گونجاو نیە و داوای دواخستنیان دەکرد، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمەیە كە سەرۆك بارزانییش كردی: کەی بۆ ئەوان گونجاوە؟ ئەگەر سەیری ڕێرەوی گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەین، باش تێدەگەین هیچ کات ئەو ڕێگەیە بۆ گەلی کورد خۆش ناکەن، تا گەل و نەتەوەی کورد ئەو مافەی کە هەیەتی بۆی جێبەجێ بکرێت، کەواتە بۆ کورد کاتەکەی زۆر گونجاو بوو، نەك هەر ئەوە، بەڵكوو بۆ گەلێك كە داگیركەرانی بیانەوێ بیتوێننەوە، هەموو ساتێك ریفراندۆم و خۆڕاپسكان و راپەڕین و شۆڕش گونجاوە.
کات ئەو ڕێگەیە بۆ گەلی کورد خۆش ناکەن، تا گەل و نەتەوەی کورد ئەو مافەی کە هەیەتی بۆی جێبەجێ بکرێت، کەواتە بۆ کورد کاتەکەی زۆر گونجاو بوو، نەك هەر ئەوە، بەڵكوو بۆ گەلێك كە داگیركەرانی بیانەوێ بیتوێننەوە، هەموو ساتێك ریفراندۆم و خۆڕاپسكان و راپەڕین و شۆڕش گونجاوە.

