ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران پاركی ڕەشكین بە ڕووبەری 120 هەزار مەتر لە هەولێر دروست دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە (21ی ئایاری 2024)، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی جێگرانی پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ئەندازیارانی سەرپەرشتی پرۆژەكە، بەردی بناغەی پاركی ڕەشكینی دانا كە ڕووبەرەكەی 120 هەزار مەترە و بە تێچووی 15 ملیار دینار، بە دوو قۆناغ تەواو دەبێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی، پێش ساڵێك ئەم شەقامەی ئێرە، نەگونجاو و خراپ بوو كە چەندین ڕووداوی هاتوچۆی نەخوازراوی لێ دروست بووبوو، هەروەها ئەو دامەزراوانەی لەم ناوچەیە بوون، وەكوو پێویست نەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستە دەبینن لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئێرە خاوێن كرایەوە و شەقامێكی دوو سایدی جوانی لێ دروست كرا و ئەو خەڵكەش كە لێرە بوون، لە شوێنی تر قەرەبوو كرانەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، بەڵێنێكی حكوومەتی بیر هێنایەوە و گوتی: پێشتر بەڵێنی ئەوەمان دابوو، ئێرە دەبێتە پاركێكی نموونەیی بەناوی پاركی ڕەشكین و لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن نووسینگەی جەنابیانەوە بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو پاركە دابین كرا و دوای ئەوەی چەند دیزاینێك دانرا، باشترین دیزاین هەڵبژێردرا كە ئەمڕۆ بەردی بناغەی دادەنێین.

پرۆژەی پاركی ڕەشكین، بە دوو قۆناغ لەسەر ڕووبەری 120 هەزار مەتر جێبەجی دەكرێت كە تێچووی هەردوو قۆناغەكە 15 ملیار دینارە. لە قۆناغی یەكەمدا بە تێچووی شەش ملیار و 800 ملیۆن دینار، شەش بڕگەی پرۆژەكە دروست دەكرێت كە بریتییە لە پەرژین بە درێژایی 1600 مەتر، گەراجی ئۆتۆمبێل، دوو كافتریا، ڕێڕەوی غاردان و پایسكل، دوو عەمباری ئاو بە قەبارەی 300 مەتر سێ جا، لێدانی دوو بیری ئیرتوازی بە قووڵایی 300 مەتر، سیستەمی كارەبا و ڕووناككردەوە، لەگەڵ كاری كشتوكاڵ و سەوزكردن و چاندنی دەیان هەزار درەخت و فریز و چیمەن.

ساسان عەونی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەوەشی گوت، ئێمە جارێكی تر بەڵێنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێنماییەكانی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەینەوە كە لە هەر كوێیەكی كوردستان پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت، دەستی ئاوەدانیی هەموو فەرمانگەكانی حكوومەتی دەگاتێ و داخوازییەكانی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكرێن

  1. لەسەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەختی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان کردووەتەوە و بۆ ئەمەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆ ئاگاداربوون لەڕەوشی ئارامی شار، ئومێد خۆشناو سه‌ردانی هێڵی گه‌رمی پۆلیسی فریاكه‌وتنی كرد

سەڵاح

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 17 چەکداری پەکەکە و یەپەگەی راگەیاند

سەڵاح

روونكردنەوەیەك لەوەزارەتی كارەباوە

یاسین